ئێران لە کۆمسیۆنی مافەکانی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکرا

ڕەشنووسێک لەسەر دەرکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پۆستی کۆمیسیۆنی مافەکانی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، ڕەشنووسی بڕیاری دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە پۆستی کۆمیسیۆنی مافەکانی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەڕای هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێکدانی پەسەندکردنی بڕیارەکە پەسەندکرا و ئێران لە کۆمسیۆنی مافەکانی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکرا.

 

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە بڕیاردان لەسەر دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە کۆمسیۆنی مافەکانی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی بە "بەڵێ" دا و ئێران لەو کۆمسیۆنە دەرکرا.

 

کۆمیسیۆنەکە ٥٤ ئەندامی هەیە و لە دەنگدانێکدا بۆ دەرکردنی ئێران لە کۆمسیۆنی مافەکانی ژنان، ٢٩ وڵات بە بەڵێ دەنگیان داوە و ٨یان دەنگی نەخێر و ١٦یان دەنگیان نەدا.

 

بڕیارەکە لەلایەن ئەمریکاوە ئامادەکراوە، بە ئامانجی دەرکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆمسیۆنی مافەکانی ژنانی نەتەوەیەکگرتووەکان و هەروەها هۆکارەکانی هەموارکردنەوەی ئەم بڕیارەشی ئامادەکردووە، کە سەرکوتی خۆپیشان و ڕاپەرینەکانی گەلانی ئێرانە دوای کوشتی ژینا ئەمینی لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە.