شاندێکی پەرلەمانتارانی باکووری کوردستان سەبارەت بە دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستانن

شاندێکی پەرلەمانتارانی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر دۆخی سیاسی و داگیرکارییەکانی باشوور و پارچەکانی دیکەی کوردستان و ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە بواری سیاسیدا هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا کۆدەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شاندێکی باکووری کوردستان، کە پێکهاتوون لە نوران ئیمیر پەرلەمانتاری هەدەپە و ئەندامی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد، گولشەن سەنجار، جێگری هاوسەرۆکی پارتی هەرێمی دیموکراتیک و ئەندامی پلاتفۆرمی یەکیتی ژنانی کورد، ئەڤین ئادین، ئەکادیمسیان و مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد، زینەت دینجەر، ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان لە باکووری کوردستان و دامەزرێنەری پلاتفۆرمی یەکیتی ژنانی کورد، هاتوونەتە باشووری کوردستان و بڕیارە لەبارەی دۆخی ئێستای کوردستان و مەترسییەکانی داگیرکاری بۆ سەر گەلی کورد لەگەڵ لایەنە سیاسیی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆببنەوە.

 

شاندەکە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لەگەڵ یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان کۆبووەوە و تێیدا باسی دۆخی ئێستای باشووری کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان و مەترسیەکانی دوژمنان بۆ سەر گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان خرایە بەرباس.

 

جێی ئاماژەیە شاندەکە یەکێک لە باسە سەرەکییەکانیان ڕۆڵ و کاریگەری ژنانە لە بریاردان و خەباتی سیاسیدا، بڕیاریشە لەو ماوەیەدا شاندەکە سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکات و دوای سێ ڕۆژ مانەوەیان لە شاری هەولێر، سەردانی شاری سلێمانی بکەن بۆ باسکردنی بارودۆخی سیاسی باشووری کوردستان و هەر چوار پارچەی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان.