دوو ژنی چالاکوان دژی هێرشە داگیرکارییەکان یاداشتێک دەدەنە نوسینگەی پەرلەمان

سەبارەت بە هێرش و بۆردومانەکانی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران چالاکوان و ئازادیخوازانی ژن یاداشتێک پێشکەشی نوسینگەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و جەختدەکەنەوە، "هێرشەکان پلانی لە مێژەی هەردوو دەوڵەتە بۆ قڕکردنی گەلی کورد".

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە شاری سلێمانی، هەردوو چالاکوانی ژن، گەردە مامە حەمە و بێریڤان بەرگاری یاداشتنامەیەکیان پێشکەش بە نوسینگەی پەرلەمانی کوردستان کرد و تێیدا تیشکیان خستەسەر هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان.

 

یاداشتنامەکە لە لایەن گەردە مامە حەمەوە خوێندرایەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، "داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە هەڵوێستیان هەبێت و بیدەنگی بشکێنن بەرامبەر ئەو هێرشانەی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران دەیکەنە سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ڕژێمی تورکیا بە چەکی کیمیای قەدەغەکراو و فسفۆر هێرش دەکاتەسەر ناوچەکانی کوردستان، کە خەڵکی مەدەنی دەبێتە قوربانی، بەپێی دادگای تاوانی نێودەڵەتی ئەم تاوانە جۆری چوارەمە و بە تاوانی عدوان ناسراوە."

 

هەروەها ئاماژەیان بە هەڕەشەکانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و ئێران کرد کە دەڵێن بەم نزیکانە هێرشی زەمینی و ئاسمانی دەستپێدەکەن بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتەکانیان، وتیان: دەوڵەتانی زلهێز و حکومەتی عێراق بێدەنگن، ئەمە پلانی لە مێژەی هەردوو دەوڵەتە بۆ قڕکردنی گەلی کورد.

 

چالاکوانان گەردە مامە حەمە و بێریڤان بەرگاری دوایان کرد کە پەرلەمانی کوردستان بە زووترین کات دانیشتن بکات لەسەر ئەم هێرشانە، بۆ ئەوەی سەروەری خاکی کوردستان و گەلی کورد بپارێزن.