نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی جیهانی بۆ نەهێشتنی دەستدرێژی سێکسی سەر منداڵان ڕادەگەیەنێت

ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ١٨ی تشرینی دووەمی وەک ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی دژ بە منداڵان ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی دەرکرد کە ١٨ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی دژ بە منداڵان بناسرێت، ڕەشنووسی بڕیارەکە کە ڕۆژی ٧ی تشرینی دووەم لەلایەن ئەنجومەنەکەوە پەسەند کراوە، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم ڕۆژە جیهانییە لەم ساڵەوە پیرۆز دەکرێت.

 

بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هانی پابەندبوون دەدات بە بەرزکردنەوەی هۆشیاری گشتی بەرامبەر ئەوانەی کە بەهۆی دەستدرێژی سێکسی منداڵانەوە زیانیان بەرکەوتووە، پێویستی ڕێگرتن و بەرەنگاربوونەوەی ناچارکردنی سێکسی و دەستدرێژی و توندوتیژی دژ بە منداڵان و ئەوە پێویستە کە تاوانباران بەرپرسیار بن.

 

بڕیارەکە بانگهێشتی هەموو وڵاتانی ئەندام و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تر و سەرکردەکانی جیهان و کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەکات کە هەموو ساڵێک هەریەکەیان بە گونجاوترین شێوە بە جۆرێک چاودێری ئەم ڕۆژە جیهانییە بکەن.

 

کۆماری سیرالیۆن بەشداری لە داڕشتنی ڕەشنووسی بڕیارەکە کرد و دوای وەرگرتنی ڕەشنووسی بڕیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی گشتیەوە، فاتمە مادا بایۆ، خانمی یەکەمی کۆمارەکە بڕیارەکەی ناساند و دەستدرێژی سێکسی منداڵانی بە "تاوانێکی قێزەون" ناوبرد کە بە تایبەتی کار دەکاتە سەر ئەو کچانەی کە مەترسی زیاتریان هەیە لە ئەزموونکردنی سێکسی زۆرەملێ و ئیستغلالکردن.

 

وتیشی: "نازانم لە جیهاندا دەتوانین دەست لە دەستدرێژی سێکسی هەڵگرین یان نا، بەڵام دەنگ بەرزتر دەکەینەوە، بە بڕوای من ژمارەی قوربانییەکان کەم دەکاتەوە، من قوربانی دەستدرێژی سێکسی نیم، بەڵام من قوربانی هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدام، من دەڵێم هاوسەرگیری پێشوەختە جۆرێکی یاساییە لە دەستدرێژی سێکسی، بۆیە پێموایە قوربانییەکان هەموویان هەمان چیرۆکیان هەیە، چونکە کاتێک کەسێک بەبێ ڕەزامەندی تۆ جەستەی تۆ پێشێل دەکات، تاوانێکە و مافی مرۆڤت تاڵان دەکات، بۆیە ١٨ی تشرینی دووەم ئەو ڕۆژە دەبێت کە پێکەوە کۆدەبینەوە، پێکەوە هاوار دەکەین و دەڵێین ئێمە هێشتا زیندووین، ئێمە دەژین ئەگەر پێت وایە ئێمەتان لابردووە، ئێوە هەڵەن، ئەوە ڕووینەداوە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە خەڵک نایانەوێت باس لە دەستدرێژی سێکسی بکەن کە کێشەیەکی زۆر جدییە، بۆیە ئەگەر ڕۆژێکی لەم شێوەیەت هەبێت و خەڵکێکی زۆر ئامادەبن شایەتی بدەن گرنگە.