ڕژێمی ئیسلامی لە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران بەردەوامە

نزیکەی دوو مانگە ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران بەردەوامە، شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیان، خوێندکاران، چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پەرەی سەندووە و هەر جارێک ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دەسبەسەر دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ فراوانبوونی ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، شەپۆلی دەستبەسەریش زیادیکردووە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان، قوتابیان، چالاکانی مەدەنی و سیاسی و ڕۆژنامەنووسان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر دەکرێن.

 

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوکراونەتەوە، سێ ژنی گەنج بە ناوەکانی هدیە پورڕەزا، ئاتنا فەرهمەند و موبینا عیسازادە لە گۆڕەپانی لاهیجان دەستبەسەر کراون و هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووسیانەوە نییە. هەروەها مارال دارئافرین، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافی ژنان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

 

ڕۆژی دووشەممە، ئەمیر حسێنی، وەرزشکاری شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە چەک لێیدرا و دەستگیرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە، هەروەها ١٥ هاوڵاتی دیکەی شاری سنە و هاوڵاتییەکی خەڵکی گوندی نی مەریوان بە ناوی شاخەوان خاوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێنراون و هیچ هەواڵێک لەبارەیانەوە نازانرێت.

 

ئەمیر چەمەنی، نووسەر و چالاکوانی سۆسیالیستی خەڵکی تەورێز، ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا، پارێزەر مستەفا نیلی لە فڕۆکەخانەی تاران دەستبەسەر کرا، دواتر هێزە ئەمنییەکان چوونە ماڵی دایکی و دوای پشکنینی ماڵەکە دەستیان بەسەر ناسنامەی پارێزەرەکە و بەڵگەنامەی کارەکەیدا گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان.

 

گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ڕەحیم براهویی خەڵکی زاهیدان و فەرید مورادی خوێندکاری ماستەر لە جوگرافیای سیاسی لە زانکۆی تەربیەت مەداریس لە تاران دەستبەسەر کرا و هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووسیانەوە نییە.

 

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوو برای بەلووچ خەڵکی زاهیدان کە زیاتر لە ٣٨ ڕۆژە دەستبەسەر کراون، هێشتا لە زینداندان، هەروەها شەهریار شەمس، خوێندکاری کارگێڕی زانکۆی ئازادی تاران کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستبەسەر کراوە، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بنەماڵەکەی لە مانگرتنی توند لە خۆراک ئاگادار کردووەتەوە.