دهۆک، ٨٠٠ کانیاو وشکیان کردووە و پڕۆژەیەکی ئاودێری جێبەجێدەکرێت

لە ٣ هەزار کانیاو نزیکەی ٨٠٠ کانیاو لە پارێزگای دهۆک وشکیان کردووە و بەڕێوبەری ئاودێری پارێزگاکەش دەڵێت: بە پڕۆژەیەک ئاوی ڕوباری دیجلە دەگەیەننە بەنداوی دهۆک.

ناوەندی هەواڵ

 

وشکەساڵی و کەمی باران بارین کاریگەری لە ژینگەی جیهان کردووە و هەرێمی کوردستانیش لەو لێکەوتانە بێبەش نییە، لەگەڵ ئەوەدا گرتنەوەی ئاوی دیجلە و فورات لەلایەن وڵاتی تورکیا و ئاوی زێی بچوک لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە قەیرانی ئاوی لە هەرێمی کوردستان و عێراق قوڵتر کردووەتەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی لێدوانێکی بەڕێوبەری ئاودێری دهۆک، لەنێوان ٣ هەزار کانیاودا نزیکەی ٨٠٠ کانیاو لە شاری دهۆک وشکی کردووە و بووەتە مەترسی بۆسەر کەرتی ئاودێری لە هەرێمی کوردستان.

 

لە لێدوانەکەیدا، هێژا عەبدولواحید، بەڕێوبەری ئاودێری دهۆک باسی لەوەکرد لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی ئاوییەوە کار بۆ ئەوە دەکرێت کە ئاوی دیجلە بگەیەنرێتە بەنداوی دهۆک، ئەگەرچی لە ماوەی ڕابردوودا کێشە بۆ پڕۆژەکە دروستبووە، بەڵام دوای چارەسەرکردنی، پڕۆژەکە ئامادەکراوە تا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

جێی ئاماژەیە بەهۆی ڕاکێشانی ئاوی دیجلەوە بۆ بەنداوەکە ساڵانە ١٥ ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکە زیاد دەبێت و دەبێتە هەنگاوێک بۆ پەرەدان بە ئاودێری لە شاری دهۆکدا.