١٢ پەرلەمانتار لە پەرلەمانی هەرێم کشانەوە و بایکۆتی هۆڵی پەرلەمانیان کرد

١٢ پەرلەمناتاری کۆمەڵی دادگەری و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان لە پەرلەمانی کوردستان دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانن و ڕایانگەیاند" کۆی دامەزراوە سەرەکیەکانی حکومڕانی هەرێم شەرعیەتیان لە دەستداوە بۆ ئەوەش ئێمە دەکشێینەوە".

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٤ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تەمەنی پەرلەمانی کوردستاندا، بەڵام بە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسایەک تەمەنی خۆی درێژکردەوە بۆ کۆتای ساڵی ٢٠٢٣، ١٢پەرلەرمانتاری کۆمەڵەی دادگەری و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ڕایانگەیاند، "بایکۆتی پەرلەمان دەکەین و دەستی دۆستایەتی درێژ دەکەین بۆ هەر لایەکیش کە خۆی بە ناڕازی دەزانێت لەم دۆخە سیاسی و ئابوریە و دەیانەوێت پێکەوە بەرەیەکی بەهێز دروست بکەین".

 

ئەو پەرلەمانتارانە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند "پێشتر هەڵوێستی خۆمان دژی دێژکردنەوەی ماوەی تەمەنی پەرلەمان ڕاگەیەندووە، هەروەک چۆن پەرلەمان وادەی یاسای کۆتایی هاتووە، سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و ئەنجومەنی پارێزگاکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش وادەی یاساییان تەواو بووە و کۆی دامەزراوە سەرەکیەکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، شەرعیەتیان لە دەست داوە، بۆیە پێکەوە بڕیارمانداوە بە کشانەوە و بایکۆتکردنی پەرلەمان و نەبوون بە بەشێک لەو کارە نایاساییە کە دەسەڵات دەیکات".

 

ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژەیان بەوەشدا کە کاردەکەن و بەردەوام دەبن لە فشارەکانیان تا بە زووترین کات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، دژایەتی گەندەڵی و نادادپەروەریی دەکەن.

 

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا بانگەوازی لە لایەنە ناڕازییەکان کرا کە، هەر لایەنێکی ناڕازی و پێکەوە بەرەیەکی بەهێز دروستدەکەن و دژی ستەمکاری و گەندەڵی و هەر یاسایەک کە دەسەڵات بۆ مەرامی خۆی بەکاری بهێنێت، دەوەستنەوە.