٤٨ منداڵی خوار ١٨ ساڵ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون

لە سەرەتای ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلانی ئێرانەوە تا ئێستا نزیکەی ٤٨ خوێندکار و منداڵ و گەنجی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بە دەستی هێزە چەوسێنەر و منداڵکوژەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

لەو ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەدا کە بە مردنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەلاتی کوردستانەوە بۆ هەموو شارەکانی ئێران دەستیپێکرد، ٤٨ منداڵ بوونەتە ئامانجی گولـلەی سەربازەکانی کۆماری ئیسلامی و گیانیان لەدەستداوە.

 

لەم ژمارەیە ٣ کەسیان بە ناوەکانی ستارە تاجیک، محەممەد ڕەزا سەروەری، مورتەزا (پاشناوی نادیارە) کۆچبەری ئەفغانین کە لە ئێران بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون. هەروەها دوو لە منداڵە شەهیدەکانی کۆمەڵکوژی بەلووچەکان بڕوانامەی لەدایکبوونیان نەبووە، منداڵێکی دیکە بە ناوی وانیار ڕەحمانی، تەمەنی دوو ڕۆژ بووە، لە هێرشی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر کامپەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی سنووری وڵاتی ئێران بوو، کوژرا.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی بڵاوکراوە، زۆرترین ژمارەی کوژراوان بەلووچ و منداڵ و گەنجی کوردن، لە کۆی ٤٨ کەسی خوار ١٨ ساڵ، ١٦یان بەلووچ و ١٢یان کوردن.

 

ناو و زانیارییەکانی کوژراوان لەلایەن کەناڵی تێلێگرامی "مەدرەسە ڕەهای" کۆکراوەتەوە، بە پشتبەستن بە زانیاری سەرچاوە جۆراوجۆرەکان و هەروەها بە پشتبەستن بە زانیاریی گروپی یەکەمی زانیاریدەرانی ناوخۆیی.