"پیلانگێڕی سەر ڕێبەر ئۆجالان دژی ژنانی ئازاد و کۆمەڵگەی ئازادیخواز بوو"

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە ساڵیادی پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا ئامانجی پیلانگێڕییەکە کۆمەڵگەی ئازاد و ژنی ئازاد بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و ڕایگەیاند، "بەم پیلانگێڕییە تاریکە نەک هەر ئامانجیان لە ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالانە، بەڵکو لە پڕۆژەی مرۆڤایەتییەکی گەورەدا کە بەدیلێک بۆ سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی خۆیان و ژنێکی ئازاد و کۆمەڵگایەکی ئازاد لە ناوکەکەیدا لەخۆ دەگرێت"

 

لە بەیاننامەکەدا ڕژاک ئاماژەی بەوەدا، ٢٤ ساڵ بەسەر پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی ئەکەمی ١٩٩٨ی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان تێپەڕدەبێت، پێشەنگانی ئەو پیلانگێڕیە سەرەتا ئەمریکا و ناتۆ و تەواوی هێزەکان بە توندی شەرمەزار دەکەین و تەواوی ئاشتیخواز و ئازادیخواز و هەموو مرۆڤەکان بانگ دەکەین بۆ وەستانەوە بە ڕووی ئەو پیلانگێڕییەدا.
 

"ئەم پیلانگێڕیە تاریکەی دژی بەڕێز ئۆجالان نەک تەنیا لە دژی گەلی کورد بوو، بەڵکو لە دژی هەموو گەلی کورد و گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بوو. دوای ئەوەی لە ٩ی ئۆکتۆبەر بەڕێز ئۆجالان بە تەنیا خرایە دوورگەی ئیمرالی و لەوێ ڕووبەڕووی گۆشەگیرییەکی نامرۆڤانە کرایەوە، گەلی کورد کرایە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی سیاسی سەربازی و بە شێوەیەکی راستەقینە کۆمەڵکوژکران و ماوەی ٢٤ ساڵیشە ئەم سیاسەتە بەردەوامە.

 

ئامانجی پیلانگێڕییەکە پڕۆژەی مرۆڤایەتی گەورەبوو

هاوکات پیلانگێڕییەکە جگە لە بە ئامانجگرتنی ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان، ئاماجی پڕۆژەی مرۆڤایەتییەکی گەورە بوو کە بەدیلێک بۆ سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی خۆیان و ژنێکی ئازاد و کۆمەڵگایەکی ئازاد لە ناوکەکەیدا لەخۆدەگرێت، بۆیەش ئەو هێزانە سیستمی ئەشکەنجەدان و گۆشەگیریی تووندیان جێبەجێ کردووە و لە هەوڵی ئەوەدان ڕێگەی گەیشتن بەگشت مرۆڤایەتی و بەتایبەتی ژنان و گەلی کورد بگرن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبینرێت کە بەڕێز ئۆجالان دیوارەکانی ئیمڕاڵی کردووتە پارادایمی ئازادیخوازیی دیموکراتییانەی ژنان کە لە زیندانەکانی ئیمراڵیدا پەرەیسەند و بووە بە ئیرادەیی ژیانی ئازادی ژنان و ڕەنجدەران و گەلانی ستەمدیدە لە هەموو جیهاندا".

 

"ژن ژیان ئازادی" بانگی ئازادی و ئاشتییە

ڕژاک دەربارەی فەلسەفەی "ژیان، ژیان، ئازادی" لای ڕێبەر ئۆجالان وەها نرخاند، "بەڕێز ئۆجالان تەواوی بەها مرۆڤایەتییەکانی بۆ سێ وشە "ژن ژیان ئازادی" کۆکردووەتەوە و یەک دەنگی مرۆڤایەتی و ئەو پیرۆزیەیی لەو سێ وشەیە دایە، دەبێتە هۆکاری بانگی ئازادی و ئاشتی.

 

بەڕێز ئۆجالان لە دیوارەکانی ئیمراڵیدا دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بەرزکردەوە و هەر بۆیە ئەمرۆ لە تەواوی جیهان و ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و بە تایبەتی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخڵاقی ئێران بە ملیۆنان دەنگ بێگوێدانە ئەوەی کوردن یان فارس یان عەرەب، هەموو ژنان و گەلان داوای یەکسانی و ئازادی و ژیانی مرۆڤایەتییان کردووە، ئەم داواکاریانە داواکاری مرۆین و تەنیا داخوازی ژنانی ئەو وڵاتە نین لە ئێران و ڕۆژهەڵات، بەڵکو داواکاری هەموو ژنانن بۆ ژیانی ئازادانەی گەلان. ئەمڕۆ باشووری کوردستان بە پشتیوانی هێزە پیلانگێڕەکان لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە بست بە بست داگیر دەکرێت و سروشتەکەی تاڵان دەکرێت، چیاکانی شوێنەکانی خوداوەندەکان بۆردومان دەکرێن و منداڵەکانی ئەم گەلە بە چەکی کیمیایی بۆردومان دەکرێن، ئەو ڕۆشنبیرانەی کە پێشەنگایەتی گەلە دەکەن و ژنە شۆڕشگێڕەکان، بەتایبەت ناگیهان ئاکارسەل، کە تەواوی ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریی هێزەکانی میتی تورک لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا تیرۆرکرا، دەکرێنە ئامانج".

درێژەی بەیاننامەکەی ڕژاک بەمشێوەیەیە؛ "لەکاتێکدا بەرپرسی سەرەکی ئەم تاڵانی و کوشتارانە دەوڵەتی تورکیای فاشیست و هێزە پیلانگێڕەکانە و هێزە ناوخۆییەکان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان- پەدەکەیە، هەموو جۆرە پشتیوانییەکی هەواڵگری و دابین دەکەن و بێدەنگن لەم تاوانانە و هەموو جۆرە دەستدرێژی، داگیرکاری، کۆمەڵکوژی و سیاسەتی کوشتار و تیرۆری دژ بە ژنان لەم وڵاتەدا درێژەی پیلانگێڕی و بوارەکانی جێبەجێکردنە.

 

ژنان داوای هەڵوێست لە ژنانی ئازادیخواز و لایەنەکان دەکەن

وەک جوڵانەوەی ژنان داوا لە هاوکارانی ناوخۆ و حکومەت دەکەین کە لەم تاوانەدا زیاتر هاوکار نەبن بەرامبەر بە خاکەکەمان و گەلەکەمان و خیانەت لە بەها نەتەوەییەکانیان نەکەن، چونکە مێژوو لەو کەسانە خۆش نابێت کە خیانەت لە خاکەکەیان دەکەن بۆ گەلی خۆیان و دواجار لە ویژدانی ئەم گەلەدا دزە دەکەن.

 

ئێمە وەک جوڵانەوەی ژنان لە باشووری کوردستان بەڵێن دەدەین هەموو بەها مرۆییەکان بپارێزین و بە وتنی دروشمی "ژن ژیان ئازادی" لە دژی ئەو کردارانەی کە بەرهەمی مێشکی ئەقڵیەتی پیاوسالارین دەست لە خەبات بەرنەدەین، تا ئەو کاتەی پیلانگێرییەکە کۆتایی پێدێت و بەڕێز ئۆجالان ئازاد دەبێت، بەو ئاگرەی ناگیهان و ڕوکەن و سارا و ژینا هەڵیانکردووە بۆ ئازادی، ئێمە بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە لە هێزە پیلانگێڕەکان سات بەسات بەهێزتر بکەین.

 

جارێکی تر داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە خۆیان بە مرۆڤ و دیموکراتیک و نیشتمانپەروەر ناودەبەن، لە دەوری دروشمی "ژن ژیان ئازادی" و لە دژی هێزە پیلانگێڕەکان یەکبگرن و پیلانگێڕییەکە تێکبدەن و تێکۆشان لە دژی فاشیزم فراوان بکەن".