نێرگس محەمەدی: گردبوونەوە لە شەقامەکان یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکان

زیندانی سیاسی نێرگس محەمەدی لە پەیامێکدا جەختی لە بڵاوبوونەوەی چالاکی و سەرکوتکردنی چالاکوانان لەلایەن ڕژێمی ئیسلامیی ئێران کردەوە و ڕایگەیاند کە گردبوونەوە لە شەقامەکان یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی گەل.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ لە حەوتەمین ڕۆژی چالاکییەکان لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەقی ڕەحمانی، هاوژینی نێرگس محەمەدی، چالاکی مافی ژنان و مافی مرۆڤ کە لە زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامی نێرگس محەمەدی بڵاو کردەوە.

 

نێرگس محەمەدی لە پەیامەکەیدا جەختی لەسەر ئەو چالاکیانە کردووەتەوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ئێران ڕوویانداوە و وتی: گردبوونەوە لە شەقامەکان یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی گەل و حکومەت مافی ئەوەی نییە گوشار بخاتە سەر خەڵک و هێرش بکاتە سەریان."

 

نێرگس محەممەدی ئاماژەی بەوەدا کە ڕژێمی ئیسلامی ئێران ساڵانێکی زۆرە ڕێگری و سەرکوتی چالاکییەکانی گەلانی ئێرانی کردووە و وتی: لە ساڵانی ڕابردوودا حکومەتی دەسەڵاتدار بۆ سەرکوتکردنی چالاکییە مەدەنی و ئاشتیخوازەکانی گەلان دەستی بە کوشتن و گرتنی شەقام کردووە، بەڵام گەل بە بڕیاردارییەوە چالاکییەکان بەردەوام دەکەن.