تەمەنا زەریاب: جیهان بێدەنگە لە ئاست ژنانی ئەفغانستان

تەمەنا زەریاب لە وتارێکیدا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان بڕیارنامەیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەوێت، بۆ ئەوەی بزانن کە جیاکاری ڕەگەزی لە ئەفغانستان دانپێدانراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەیەک لە چالاکانی مافی ژنان لە نێویاندا تەمەنا زەریاب پەریانی، یەکێک لەو ژنانەی لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا لە دژی تاڵیبان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژە مانگرتنیان لە خواردن دەستپێکردووە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی بێباکی جیهان لە بەرامبەر ژنانی ئەفغانستان.

 

ئەم چالاکوانانەی مافی ژنان دەیانەوێت دان بە جیاکاری ڕەگەزیی لە ئەفغانستاندا بنرێت و واز لە پشتیوانیکردن لە تاڵیبان بهێنن، تەمەنا زەریاب و هاوڕێیانی، لە ٢٥ی ئابەوە، بە دانانی چادرێکی دانیشتن لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە و دەڵێن ئامانجیان لەم ناڕەزایەتییە دانپێدانانە بە جیاکاری ڕەگەزی دژی ژنان لە ئەفغانستان.

 

تەمەنا زەریاب جەختی کردەوە، ئەوان بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان تا پەرلەمانی ئەڵمانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامێکی ڕوونیان پێدەدەن، هەروەها سوورن لەسەر ئەوەی، بڕیارنامەیەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگرن تا بزانن کە جیاکاری ڕەگەزی لە ئەفغانستان دانپێدانراوە.

 

تەمەنا زەریاب پەریانی، چالاکی مافی ژنان دەڵێت: زیاتر لە دوو ساڵە ژنان لە ئەفغانستان لە ژێر دیلی و توندوتیژیی تاڵیباندان و بەهۆی ئەوەی ژنن، لە ماف مەدەنییەکانیان زەوت کراون، حکومەتی ئەڵمانیا پێویستە هەر کارکردنێک لەگەڵ تاڵیبان قەدەغە بکات و کۆتاییهێنان بە پشتیوانی دارایی و قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ دەرەوە لەلایەن بەرپرسانی تاڵیبانەوە لە داواکارییەکانی دیکەی ئێمەن.

 

بە وتەی ئەو ژنانە، مانگرتنەکەیان کە زیاتر لە ١٠ ژن بەشدارییان تێدا کردووە، تا ١٢ی ئەیلول بەردەوام دەبێت، ئەم چالاکییەش دوای ئەوە دێت، کە تاڵیبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستاندا گرتە دەست و سنووردارکردنی توندیان بۆ مافەکانی ژنان و کچان داناوە، لە ئێستادا ژنان و کچان بۆیان نییە بە ئازادی کار بکەن و بخوێنن و گەشت بکەن.

 

چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەڵێن، مامەڵەی تاڵیبان لەگەڵ ژنان تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە کە لەسەر بنەمای جیاکاری ڕەگەزیییە، لەم دواییانەدا شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان باسیان لەوە کردووە کە پێویستە باس لە جیاکاری ڕەگەزی لە ئەفغانستان بکرێت، بەڵام حکومەتی تاڵیبان بە ڕەتکردنەوەی ئەو بانگەشانە، هەمیشە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە، مافەکانی گەلی ئەفغانستان بەپێی چوارچێوەی شەریعەتی ئیسلامی ڕێزیان لێدەگیرێت و ئەوانیش سنووردارکردنەکانیان بۆ ژنان بە پرسێکی ناوخۆیی ئەفغانستان دەزانن، تاڵیبان داوای لە جیهانیش کرد دەستوەردان لەم بابەتە نەکەن.

 

هەروەها وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمەریکاش سەبارەت بە جیاکاری ڕەگەزی لە ئەفغانستان بێدەنگ بوون و لەگەڵ بەردەوامیی دانوستانەکانی دۆحە، هەوڵ دەدەن دان بەم گروپە توندڕەو و ژنکوژە بنێت، هەروەها وڵاتانی ناوچەکە لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان پەیوەندی دیپلۆماسی خۆیان لەگەڵ ئەفغانستان درێژە پێدا و ژنانی ئەفغانستانیش لە بێدەنگییەکی تەواوەتی جیهاندا بەرەنگاری توندڕەوی تاڵیبان دەبنەوە.