بەهۆی بۆردوومانەکانی باکووری غەززە ٧ منداڵ لە بنەماڵەیەک کوژران
بەرگری شارستانی لە کەرتی غەززە گیان لەدەستدانی ١٢ کەسی لە بنەماڵەیەک ڕاگەیاند کە ٧ کەسیان منداڵن، ئەمەش لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی کە ماڵەکەیانی لە باکووری کەرتی غەززە کردە ئامانج.
ناوەندی هەواڵ
هەزاران ئاوارە لەناو چادرەکانی کەرتی غەززە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی دڵتەزێنی مرۆیی دەبنەوە، بەتایبەتی لەگەڵ توندبوونەوەی سەرما و نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان، کە ئەمەش هەڕەشەیان لێدەکات لە ئەنجامی بەرکەوتنیان بە نەخۆشی و پەتاکان، لەگەڵ ئەوەشدا بۆردوومانەکان بەردەوامن.
ئازارەکانی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە، لە کۆی دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس لە کەرتی غەززە، زیاتر دەبن، چونکە لە بارودۆخێکی سەختی مرۆڤایەتیدا دەژین.
بەرگری شارستانی لە کەرتی غەززە ئەمڕۆ ٢١ی کانوونی یەکەم ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئاسمانیی ئیسرائیل کە ماڵێکی لە جیبالیای باکووری کەرتی غەززە کردە ئامانج، ١٢ کەس لە خێزانێک گیانیان لەدەستدا کە ٧یان منداڵیان بوون، گەورەترینیان تەمەنی ٦ ساڵ بوو و ١٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە باشووری کەرتی غەززە دوێنێ بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی سەرمای زۆر لە ناو چادرێک لە ناوچەی مەواسی لە خان یونس، ساوایەک گیانی لەدەستدا.
هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە شەڕی جینۆساید دژی خەڵکی مەدەنی لە غەززە، بە پشتگوێخستنی بڕیارەکانی ئاگربەستی دادگای نێودەوڵەتی، لە کاتێکدا کار بۆ تەقاندنەوەی باڵەخانەکان و بۆردوومانی ڕاستەوخۆی ناوەند و نەخۆشخانەکان دەکەن.
جەنگی زیاتر لە ساڵێک بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٤٥ هەزار و ٢٠٦ کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن، هەروەها ١٠٧ هەزار و ٥١٢ کەس برینداربوون، کە ژمارەیەکی بێ سنوورە، چونکە هەزاران زیانبەرکەوتوو تا ئێستاش لە ژێر داروپەردوودان