ڕۆژنامەنووسانی ژن لە باشوور: درێژەپێدەری ڕۆژنامەنووسانی شەهید دەبین
ژنانی ڕۆژنامەنووسی باشووری کوردستان بەئامانجگردنی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان شەرمەزار دەکەن و ڕایانگەیاند، هێرشە وەحشیگەرییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ئەو ڕاستیە دەردەخات، کە چەندە لە قەڵەم و کامێراکانیان دەترسێت
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژنامەنووسانی ژن لە باشووری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی نووسراویان سەبارەت بە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان بڵاو کردەوە و جەختیان کردەوە، کە دەبنە درێژەپێدەری کاروانی گوربەتلی ئەرسۆز و ناگیهان ئەکارسەل، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، جیهانەکان دەبین و قەڵەم و کامێراکانیان لەسەر زەوی ناهێڵینەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە؛
دەبینە درێژەپێدەری کاروانی جیهان بیلگین و شەهیدانی ڕۆژنامەنووس
ئەو هێرشانەی لە تاریکیدا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بەرامبەر بە چاپەمەنی ئازاد ئەنجام دەدرێت، نیشاندانی ئەو ترس و تۆقینەیە لەو قەڵەم و کامێراییەی، کە بە بێ هیچ بەرژەوەندییەک و بۆ یەک ئامانج گیانی خۆی فیدایی ڕێگاکەی دەکات تا ڕاستی ئەو تاریکی و دوژمنە بخاتە بەر دیدی مرۆڤایەتی، کە ساڵانێکە لە دژی گەلی کورد هەموو جۆرە کۆمەڵكوژییەک بەڕێوە دەبات.
لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی چەتەکانیەوە بەردەوام هەوڵیداوە دەست بەسەر ئەو دەستکەوتە مەزنانەدا بگرێت کە بە فیداکردنی گیانی هەزاران شەرڤانی ئازادی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژئاوایی کوردستان بەدەستهاتووە. بەڵام لە هەموو هەوڵەکانی شکستی هێناوە، سەرەڕایی هەبوونی هێزی گەل و بونیادنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری گەل، چاپەمەنی ئازادیش ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی بینیەوە لە گواستنەوەی ئەو سەرکەوتنە بێوێنەیەی کە لەلایەن گەلی بەرخۆدێری ڕۆژئاوای نیشتمان گەیشتە لوتکە.
ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان، وەک دوو ڕۆژنامەنووسی سەرکەوتوو کە لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە باکووری کوردستانەوە هاتبوون بۆ ئەوەی ببنە خەرمانی ئەو شۆڕشە، دەیانویست خەبات و بەرخۆدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر هێرشە دڕندەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بە ڕای گشتی نیشانبدەن، لە هەر شوێنێک شەڕ و هێرش هەبوو، نازم و جیهان بوونە دەنگی حەقیقەت و بەرخۆدان. لە کۆبانێ، عەفرین، عەین عیسا، گرێسپی و سەرێ کانیێ بوون. لەم دواییانەشدا لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە بەنداوی تشرین و ناوچەی سڕین و پردی قەرەقۆزاخ بوون، هەر یەکەیان بە جیا بەبێ وچان و بە مایک و کامێراکانیانەوە لەگەڵ شەڕڤانانی ئازادی لە سەنگەر بوون بۆ گواستنەوەی ئەو هێرشە دڕندانەی کە لەلایەن چەتەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدرێت.
دەوڵەتی تورکیا چاپەمەنی ئازاد، بەهۆی ئەوەی دەنگی گەلە و هەمیشە هەوڵی گواستنەوەی ڕاستییەکان دەدات، لە هەموو شوێنێک وەک هەڕەشەیەک دەبینێت و بە شێوازێکی دڕندانە و نامرۆڤانە دەیکاتە ئامانج، بە تایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە تاوانە داگیرکارییەکانی گەیشتووەتە لوتکە. ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتانیش یەکێک بوون لەو ڕۆژنامەنووسە چالاک و بوێرانەی کە لە کاتی دەستپێکردنی هێرشەکانی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر شەهبا، تل ڕەفعەت، حەلەب و ناوچەکانی دیکەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، چرکە بە چرکە هەوڵیاندا لە سەخترین بارودۆخدا ڕاستی هێرشەکانی چەتەکانی تورک لە ڕێگەی کامێرەکانیانەوە نیشانی جیهان بدەن، بۆیە لە ١٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە کاتێکدا سەرقاڵی کاری ڕۆژنامەنووسیی و ڕوماڵكردنی هێرشەکان بوون، لە کاتژمێر ٠٣:٢٠ خولەکی دوای نیوەڕۆدا، لەسەر ڕێگای نێوان بەنداوی تشرین و شارۆچکەی سرین، ئۆتۆمبێلەکەیان لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بۆردوومان کرا. لە ئەنجامی هێرشەکەدا هەردوو ڕۆژنامەوانەکە شەهید بوون و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە عەزیز حاج بۆزان بریندار بوو.
ئێمە وەک ژنانی ڕۆژنامەنووسی باشووری کوردستان بەئامانجگردنی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان شەرمەزار دەکەین. دەوڵەتی تورکیا بە شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان ڕێگری لە بڵاوکردنەوە و ڕووماڵكردنی کۆمەڵکوژییەکانی سەر هاوڵاتیانی مەدەنی دەکات، هێرشە وەحشیگەرییەکانی بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی چاپەمەنی ئازاد ئەو ڕاستیە دەردەخات، کە چەندە لە قەڵەم و کامێراکانیان دەترسێت، وێڕای هاوخەمیمان بۆ کەسوکار و هاوڕێیانی هەردوو ڕۆژنامەنووس، سەری خۆمان لەبەردەم بەرخۆدان و بوێری ئەوان دادەنەوێنین و بەڵێن دەدەین لەسەر ڕێگای حەقیقەت و گەیاندنی ڕاستیەکان بەبێ چەواشەکاری بۆ ڕای گشتی و گەل بەردەوام دەبین و درێژەپێدەری کاروانی گوربەتلی ئەرسۆز و ناگیهان ئەکارسەل، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، جیهانەکان دەبین و قەڵەم و کامێراکانیان لەسەر زەوی ناهێڵینەوە.