ئێران، ٢٠ ژن کوژراون و ٥ ژنی دیکەش لە سێدارە دراون
بە پێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بڵاو کراوەتەوە کە لە مانگی تەممووزدا ڕژێم پێنج ژنی لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە لەسێدارەداوە، ٢٢ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و سزای سێدارەش بەسەر ٢ ژنی دیکەدا سەپێنراوە.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ئامارەکانی تایبەت بە پێشێلی مافەکانی ژنان، کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کراوەتەوە، لە مانگی تەممووزدا ڕژێم پێنج ژنی لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە لەسێدارەداوە، ٢٢ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و پێنج چالاکوانی ژن لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای زیندانی و دوو چالاکوانی دیکەی ژنیش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
لە ڕاپۆرتەکاندا ئاماژە بەوەکراوە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢٠ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە و ٢٥٪ـی ئەو حاڵەتانە بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف بووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ٩ ژن لەلایەن هاوژینەکەیانەوە، ٣ ژن لەلایەن باوکیانەوە و ٦ ژن لەلایەن هاوژینی پێشوو، نەوەی کوڕ، هاوژینی خوشک، ئامۆزا، کوڕ و خوازبێنەکەیان و دوو ژنیش لەلایەن کەسانی نەناسراو کوژراون و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبوون.
پارێزگای تاران: ٦ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٣ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٢ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ٢ حاڵەت
پارێزگای خووزستان: ١ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ١ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ١ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی باکوور: ١ حاڵەت
پارێزگای سنە: ١ حاڵەت
پارێزگای ئیلام: ١ حاڵەت
پارێزگای ئەلبۆرز: ١ حاڵەت