ڕۆژنامەنووسانی شەنگال دژی هێرشەکان کاردانەوەیان نیشاندا

ڕۆژنامەنووسانی شەنگال هێرشی دەوڵەتی تورکیایان لە دژی کارمەندانی چرا تی ڤی و چرا ئێف ئێم شەرمەزار کرد و داوایان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، ڕێوشوێنی گونجاو بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان بگرنەبەر.

شەنگال

 

ڕۆژی ٨ی تەمووز، ئەندامانی کەناڵی چرا تی ڤی و چرا ئێف ئێم چوونە ناوچەی تەل قەساب لە شەنگال بۆ بەداواداچوون لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٢٠١٤ی داعش لە شەنگال، دەوڵەتی تورک بە فرۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردنە سەرو لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو ڕۆژنامەنووس و ٦ کەس بریندار بوون، پەیامنێری چرا تی ڤی بە سەختی بریندار بوو، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی موسڵ و دەرکەوت کە باری تەندروستی سەختە.

 

ڕۆژنامەنووسان و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندن لە شەنگال سەبارەت بە هێرشی دەوڵەتی تورک لەسەر ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەوانی ئازاد لە ٩ی تەمووز، بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و داوایان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە ڕێوشوێنی گونجاو بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان بگرنەبەر.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە:

ئێمەی ڕۆژنامەنووسانی شەنگال بە توندی ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین کە کرایە سەر ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی تیمی چرا تی ڤی، ئەم کارە پێشێلکردنی تەواوەتی بەها مرۆیی و ڕەوشتییەکانە، ڕۆژنامەگەری ئازاد دەکاتە ئامانج و هەڕەشە لە سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان لە ئەرکە پیشەییەکانی گەیاندنی ڕاستییەکان بە هاووڵاتیان دەکەن.

 

دووپاتی دەکەینەوە، پێویستە پارێزگاری لە ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێران بکرێت لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان، هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین ڕێوشوێنی گونجاو بۆ سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان بگرنەبەر، هاوشانی ئەوان داوای لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و شەفافانەی پەیوەست بەم ڕووداوە دەکەین و تاوانباران بدرێنە دادگا بۆ وەرگرتنی سزاکانیان.

 

هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان هێرشێکە دژی ئازادی بیروڕا و مافی مرۆڤ بۆ وەرگرتنی زانیاری، دڵنیا دەبینەوە لە وەستانەوە دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و تیرۆرێک بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، با پێکەوە ئازادی ڕۆژنامەگەری و پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە هەموو جیهان بەهێز بکەین.