بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا ١٠ ملیار دۆلار پێویستە

لە کۆنفرانسی COP28، گروپی هەماهەنگی عەرەبی تەرخانکردنی ١٠ ملیار دۆلاریان تا ساڵی ٢٠٣٠ بۆ پشتیوانی لە گواستنەوەی وزەی پاک لەو وڵاتانەی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆنفرانسی لوتکەی کەشوهەوا- COP28 لە وڵاتی ئیمارات بەردەوامە و دەربارەی گۆڕانی کەشوهەوا و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە بۆ پاراستنی ژینگە گفتوگۆ دەکرێت، لە چوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا، گروپی هەماهەنگی عەرەبی کە هاوپەیمانییەکی ستراتیژی دامەزراوەکانی گەشەپێدانی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە لە کۆنفرانسی COP28ی لایەنەکان، تەرخانکردنی ١٠ ملیار دۆلاری تا ساڵی ٢٠٣٠ بۆ پشتیوانیکردن لە گواستنەوەی وزەی پاک لەو وڵاتانەی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە ڕاگەیاند.

 

ئەم پابەندبوونە لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیژیدایە کە حەوت خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت بۆ خێراکردنی گواستنەوەی جیهان بۆ سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە، ئەمەش بە پێشبڕکێیەک لە دژی کات دادەنرێت کە مرۆڤایەتی بەڕێوەی دەبات، بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی، زیادبوونی لافاو و زریان و بیابانبوون، جگە لە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان، دیارترینیان ئەمازۆنە کە بە سییەکانی زەوی ناسراوە و ٪٢٥ی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی هەسارەکە هەڵدەمژێت.

 

دوای بەستنی کۆنفرانسەکە بەشداربووانی COP28 پابەندبوونیان بە پێویستی دوو هێندەکردنی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە دووپات کردەوە.

 

مارتن کاتینۆڤ، بەڕێوەبەری پرۆژەی وزە لە "ئۆرۆپیس"ی بولگاری، دەڵێت: ئێمە هەوڵدەدەین وزەی پاک لەو سەرچاوە وزەیانەی لە وڵاتەکەماندا هەن، بەدەستبهێنین، کاردەکەین بۆ باشترکردنی کارایی وزە و گۆڕینی ئەو سەرچاوانەی کە دەردانی غازی زۆر بەرهەمدەهێنن، هەروەها هەوڵدەدەین بە شێوەیەکی سەربەخۆ وەبەرهێنان لە هایدرۆجیندا بکەین.

 

لە کاتێکدا کۆبوونەوەی پسپۆڕان بەردەوامن بۆ خێراکردنی گواستنەوەی وزە، لە لوتکەی کەشوهەوادا زیاتر لە ٦٠ وڵات بەشداریکردنیان بە بەڵێنی جیهانیی بۆ ساردکردنەوەی گۆی زەوی ڕاگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی کە لە ئەنجامی ئەم کەرتە دروست دەبێت لەسەر ئاستی جیهانی بە ڕێژەی ٪٦٨ تا ساڵی ٢٠٥٠.