دروشمی ناڕازیانی مهاباد: ئازادی خوێنی دەوێت، ڕۆڵەی چاونەترسی دەوێت

خەڵکی شاری مهاباد سەرەڕای توندی دۆخی ئەمنی، ناڕەزایەتیان دژ بە کوشتنی پەیمان گەلوانی دەربڕی، کە لەلایەن ڕژێمەوە کوژراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای دۆخی توندی ئەمنی ناو شار، شەوی ڕابردوو خەڵکی شاری مهاباد هاوکاتی پرسەی پەیمان گەلوانی، زیندانی سیاسی کە بە هۆی ئەشکەنجەی توندی کارمەندانی زیندانی ورمێوە گیانی لەدەستدا، بە کۆبوونەوە لە شەقامەکان ناڕەزایەتیان دژ بە کوشتنەکانی ڕژێمی ئێران دەربڕی.

 

هاوڵاتیان بەسەر شەقامەکاندا بەرەو گۆڕستانی بداق سوڵتانی مهاباد بەڕێکەوتن و دروشمی "شەهید نامرێت" و "ئازادی خوێنی دەوێت، ڕۆڵەی چاونەترسی دەوێت" وترایەوە و پەیمان گەلوانییان بە خاک سپارد و بە وتنەوەی سرودی ئەی شەهیدان، کوشتنەکانی ڕژێمیان شەرمەزار کرد.

 

وێنە و گرتە بڵاوکراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری مهاباد ئاماژەیان بە بوونی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕژێم بەسەر ئاسمانی شارەکەدا دەکرد، بۆیە چالاکوانانی مەدەنی گەنجانیان ئاگادار کردەوە کە لەبەر سەلامەتی گیان و دەستنیشان نەکردنیان، چوونە ماڵەوەیان دوابخەن.