ژنانی عەفرین : هێرشی داگیرکاری بەرخۆدانمان تێکناشکێنێت
ژنانی عەفرین هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەریان بۆ سەر ناوچەی شێراوا و کانتۆنی شەهبا شەرمەزار کرد و ئاماژەیان بەوەدا، هێرشەکان هەرگیز بەرخۆدانیان لاواز ناکات.
حەسنا محەمەد
شەهبا- دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ساڵی ٢٠١٨دا عەفرینیان داگیر کرد، لە ماوەی پێنج ساڵی ژیانی کۆچبەریی خەڵکی عەفرین لە کانتۆنی شەهبا و ناوچەی شێراوای داگیرکراوی عەفرین، هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر بە خەڵکی عەفرین نەوەستاون و لەو ساڵانەدا چەندین کۆمەڵکوژی دژ بە خەڵکەکە ڕوویانداوە.
خەڵکی عەفرین کە لە مەیدانی بەرخۆدان لە شێراوا و شەهبا نیشتەجێ بوون، سیاسەتی لەناوبردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەناسن، چونکە دروشمەکەیان هەمیشە بەرخۆدان و خەباتە دژی هێرشەکان، سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر ناوچەکە، ژنانی کۆچبەری عەفرین و ژنانی ناوچەی شێراوا هەڵوێستیان دەربڕی و ئاماژە بەوە دەکەن، هێرشەکان ناتوانن شکست بە خواستی ئەوان بهێنن.
سیاسەتی لەناوبردن لەسەرمان جیبەجێدەکەن
بێریڤان حەیدەر لە گوندی زیارەتی سەر بە ناوچەی شێراوا، دەربارەی ئامانجی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی وتی: داوای دەوڵەتی تورک ئەوەیە کە کوردەکان کۆچ بکەن، بۆ ئەوەی ڕەگ و ڕیشەیان لەناوببرێن، لەبەرئەوە ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر شەهبا و شێراوا، بەرخۆدانی خەڵکی عەفرینیش لە سەرتاسەری جیهاندا دەنگی دایەوە و ئەمە لە بەرژەوەندی دەوڵەتی تورکیادا نییە، ئەردۆغان ناتوانێت بە هێرشەکانی وابکات ئێمە لەو ناوچانە کۆچ بکەین، چونکە ئێمە سیاسەتی تورکیامان ناسیوە بۆ لەناوبردنی کوردەکان، بەرخۆدانی ئێمە وەڵامدانەوەیەکی بەهێزە بۆ هێرشە داگیرکارییەکان.
وەڵامەکە هەمیشە بەرخۆدانە
ئیمان مستەفا، دانیشتووی گوندی عاقیب لە ناوچەی شێراوا، ئاماژەی بەوەکرد، تەنها بەرخۆدان و خەباتی ئەوان لە دژی داگیرکارییەکە سەرکەوتوو دەبێت و ئامانجیان بەدیدەهێنێت و وتی: ئێمە بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا دەکەین بۆ سەر شوێنەکانمان، هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، لەوانە عەرەب، تورکمان و کوردەکان، دەکەونە ناوچەکانی شەهبا و شێراوا، ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەردۆغاندا نییە، لەبەرئەوە ڕۆژانە هێرشەکانی ئەنجام دەدات، لەگەڵ هێرشەکانیاندا، جیاوازی لە نێوان ژنان و منداڵان و کەسانی بەتەمەندا ناکات، هەرچەندە دوژمن هەوڵی کۆچکردنی خەڵک دەدات، بەڵام سەرکەوتوو نابێت، چونکە ئێمە نەتەوەیەکین خاوەن بەرخۆدان و تێکۆشانین، سەرەڕای هێرشەکان، خەڵک جارێکی دیکە دەستبەرداری بەرخۆدان و گوندەکانیان نابن، وەڵامی ئێمە بۆ دوژمن ئەوەیە کە ئێمە هەتا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین، تەنها یەک شتمان لەبەردەمدا داناوە، ئەویش ئازادکردنی عەفرین و گەڕانەوەیەکی شکۆدارە.
"بڕیاری ئێمە بەرخۆدانە"
فاتیمە عەلیکۆ، دانیشتووی عەفرین کە کۆچیان کردووە بۆ گوندی عاقیب لە ناوچەی شێراوا، جەختیکردەوە کە ئەوان بڕیاریان داوە بەردەوام بن لە بەرخۆدان دژی هێرشە داگیرکارییەکان و وتی: ئێمە ٥ ساڵە لە شوێنەکانمان ئاوارە بووین، ئەردۆغان و چەتەکانی هەموو ڕۆژێک هێرش دەکەنە سەرمان و هەرگیز ناترسین لەوەی جارێکی دیکە لێرە کۆچ بکەینەوە یان دەستبەرداری بەرخۆدان بین، تەنیا بەرخۆدان بڕیاری ئێمەیە، تا ئەو کاتەی دەگەڕێینەوە بۆ عەفرینی ئازادکراو، بەرەنگاری هێرش و سیاسەتی قڕکردن دەبینەوە.