"کۆمیتەی دەنگی ژنان دەبێتە پردی دەستگەیشتنی ژنان بە دادگاکان"

ئەڤین پاشۆ، سەرۆکی دەستەی ژنانی هەرێمی جزیرە، دامەزراندنی یەکێک لەو کۆمیتانەی لە شۆڕشی ژناندا دامەزراوە وەک دەستکەوتێک پێناسە کرد و وتی: "کۆمیتەی دەنگی ژنان کە لە کێشە و کەیسەکانی ژنان دەکۆڵێتەوە میکانیزمێکی گونجاوە".

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ- لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە ژنان پێشەنگی شۆڕش دەکەن چەندین ڕێکخراو و کۆمەڵە و دەزگا کە ماف و بوونیان دەپارێزێت لەگەڵ شۆڕشدا دامەزراون، بەڵام ئەوە یەکەمجارە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پاش ١٠ ساڵ لە شۆڕش هەنگاوی نوێ بنرێت، ئەڤین پاشۆ، سەرۆکی کۆمیتەی ژنانی هەرێمی جزیرە باسی لە پێکهێنانی کۆمیتەیەکی نوێ کرد.

 

"بۆ پاراستنی بوونیان، دەزگاو ئەنجومەن و کۆمیتەی ژنان دامەزران"

ئەڤین پاشۆ، ئاماژەی بەوەدا، بە یەکەم تروسکی شۆڕش ژنان دامەزراندنی ڕێکخراو و دامەزراوەکانی ژنانیان خێراتر کرد و وتیشی: بۆ پاراستن و مسۆگەرکردنی مافەکانیان کە بە شۆڕش بەدەستهاتووە، ژنان شانبەشانی پیشەنگایەتی کردنی شۆڕش دامەزراوە و دەزگا و کۆمەڵە و ئەنجومەنی ژنانیان دامەزراند، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەوەیە کە یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا دووبارە دروستبکاتەوە، وەک هەرێم بە پرۆسەیەکی وەهادا تێپەڕ دەبوو کە توندوتیژی دژی ژنان وەک کولتوورێک بەناوی ئایین و نەریتی کۆمەڵایەتییەوە شەرعییەتی پێ بدرایە و جێگیر بکرایە.

 

کۆمیتەی دەنگی ژنان

ئەڤین پاشۆ ڕایگەیاند، کە لە ساڵی ٢٠١٩دا هەنگاوێکی نوێیان ناوە بۆ ڕێگریکردن لەو ڕووداوانەی کە لەناو کۆمەڵگەدا بوونیان هەبوو وتی: بۆ ئەوەی چەندین ڕێکخراوی ژنان یەکبگرن و ڕاستەوخۆ بەشداری کاری ژنان بکەن، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کەیسەکانی ژنان ڕێکخراوێکی هاوبەشیان بەناوی کۆمیتەی دەنگی ژنان پێکهێنا، دەستەی ژنانیش کۆمیتەی دەنگی ژنان بەڕێوەدەبات، بەڵام چەندین دەزگای ئەمنی و یاسایی و دادوەری لە کۆمیتەی دەنگی ژناندا هەن، کۆمیتەی دەنگی ژنان پێکهاتوون لە هێزەکانی ئاسایشی ژنان و ئەنجومەنی دادوەری ژنان و کۆنگرەی ستار و یەکێتی ژنانی سوریانی و شاندی نەتەوەیی عەرەب و ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و سەنتەری لێکۆڵینەوە و پاراستنی مافەکانی ژنان، ئەم کۆمیتەیە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە کاری هاوبەش بەڕێوەدەبات و بووەتە چارەسەرێک بۆ زۆرێک لە کێشە و گرفتەکانی ژنان.

 

"دەنگی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە دەگەیەنێتە دادگا"

ئەڤین پاشۆ ڕایگەیاند، کە چەندین کەیسی دژ بە بکوژان و تاوانباران لە لایەن کۆمیتەی دەنگی ژنانەوە کراونەتەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کوشتن و گێچەڵکردن و ئەشکەنجەدان لە دژی ژنان ئەنجامدرا، لە لایەن ئەو کۆمیتەیەوە چەندین کەیسی دژ بەکوژەکان لەدادگا کراوەتەوەو داوای لێکۆڵینەوەش کراوە، ئامانج ئەوەیە کە ژنان مافی خۆیان وەربگرن و خۆیان بە تەنیا و بێ دەسەڵات نەبینن، زۆر گرنگە ئەم کۆمیتەیە وەک دەستکەوتێکی شۆڕش ببینین.

 

"هەر سێ مانگ جارێک ئامار دەردەکرێت"

ئەڤین پاشۆ، تیشکی خستەسەر خاڵێکی گرنگ و وتی: بۆ زانینی ئەو ڕووداو و ئەشکەنجەیەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، کە ئایا لە زیادبوون یان نزمبوونەوەدایە بڕیار دراوە هەر سێ مانگ جارێک ژمارەی ئەو حاڵەتانەی هێنراونەتە لای دەزگاکەمان وەک ئامار بیخەینە ڕوو، بۆ ئاشکراکردنی ڕێژەی توندوتیژی دژ بە ژنان کە لە زیادبوون یان کەمبوونەوەدایە، بۆ ئەوەی بتوانین بەپێی ئەو بنەمایە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان بکەین و چارەسەرێکی هاوبەشی بۆ بدۆزینەوە بەتایبەتی دوای ئەوەی ژنان هەنگاوی زۆر گەورەیان لە گەشەپێدانی کەسایەتیی و شۆڕشدا ناوە و ئیتر ڕەنگدانەوەی هۆشیاریی نێرینەکان سەرهەڵدەدەن بە تایبەتی ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژیی ژنان لە ساڵانی ڕابردوودا ئاستی ڕق و کینە بەرامبەر بە پێشکەوتنی ژنان نیشان دەدات.

 

"کۆمیتەی دەنگی ژنان هێز و کۆڵەکەی ژنانە"

ئەڤین پاشۆ لە کۆتای قسەکانیدا وتی: لە دژی توندوتیژی سەر ژنان ئەرکی هەموو ژنێکە کە ببنە دەنگی ئەوان، ئەم کۆمیتەیە دەبێتە دەنگی ئەو ژنانە و هێز و کۆڵەکەی ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ئەم کۆمیتەیە دەبێتە هێزی چەندین ڕێکخراوی ژنان و یەکگرتنەوەیان، هاوکات دەنگی ژنان دەگاتە دادگاو شوێنی پێویست، هەوڵدەدەین ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان لەگەڵ کۆمیتەی دەنگی ژنان کەم بکەینەوە.