ئیلهام ئەحمەد: پێویستە سیستمێکی کۆنفیدراڵی ژنانی جیهان دابمەزرێندرێت

ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی مەسەدە، وتی: پێویستە ژنان لە هەموو جیهاندا خۆیان لە چوارچێوەی سیستمێکی کۆنفیدراڵیدا ڕێکبخەن، ئەم دەرفەتە دروستبووە و نابێت دەستی لێبەربدەن.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی-مەسەدە، بارودۆخی ئەمڕۆی لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە شێوەیەکی بەرفراوان هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەدا، شۆڕشی ئەمڕۆی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" نیشانەی ئەوەیە کە سەدەی ٢١ەم بە ڕاستی دەبێتە سەدەی ئازادی ژن و کۆمەڵگە و وتی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژنان لە ژێر سیستمی دەسەڵاتداری پیاودا کۆمەڵکوژکران کە لەژێر ناوی ئایین و لە کەسایەتیی ئەواندا ژیان کۆمەڵکوژ کرا، ژنان شۆڕشێکی گرنگیان دژی سیستم و یاساکان دەستپێکرد و گردبوونەوەی ژنان لە دەوری دروشمی "ژن ژیان ئازادی" زۆر مانادارە، گرنگ ئەوەیە کە لەم سەردەمەدا شتێکی لەم شێوەیە ڕوویدابێت ئەو هەنگاوانەی ژنان هەڵیانگرتووە زۆر گرنگن و شۆڕشی ڕۆژهەڵاتیش کاتێک دەستیپێکردووە کە پێشتر شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکردووە و هێزی خۆی لەوەوە وەرگرتووە، لە دژی هەموو زوڵم و ستەم و سیستمی فەرمانڕەوا و وشیاری پیاو سەریهەڵدا و کۆبوونەوە لە دەوری ئەم ڕاپەرینە زۆر گرنگە.

 

هێرش دژی تێکۆشانی ژنان

ئیلهام ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی هەنگاوی گرنگ نراوە و وتیشی: ژنانی عەرەبیش بەشداریان کرد و پشتیوانیان لەو شۆڕشانە کرد، بەڵام بەداخەوە ئاستی ڕێکخراوی ژنان بەس نەبوو، جارێکی تر و بەبەردەوامی سیستمە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێت دەستپێشخەری بکەن و نزیک دەبنەوە و هەوڵ دەدەن تێکۆشانی ژنان تێکبشکێنن، بە تایبەتی دەیانەوێت ئەو ڕاپەڕینانە ببەزێنن کە ژنان دەستیانپێکردووە بۆ نموونه، تونس ئێستا بیر لەوە دەکەنەوە، کە دەیانەوێت دەستکەوتەکانی ژنان لە شۆڕشدا تێکبدەن و کاری چەند ساڵەیان لەناوببەن، پیویستە ژنان لەو ڕاپەڕین و شۆڕشانەدا ڕێکخراوتر بن و بە یەک دەنگ و ئامانج بەشداری بکەن.

 

شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران

ئیلهام ئەحمەد تیشکی خستەسەر ڕاپەڕینی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە بە زانابوون ڕاپەڕین و تێکۆشان پێشبخەن و وتی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی سروشتی ڕاپەڕین دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، بەڵام دەبێت ئەم تێکۆشانە ڕێکبخرێت و بە زانابوون پەرەی پێبدرێت، ئەگەر ڕێکخراو نەبێت مەترسی ئەوە هەیە کە ئەم ڕاپەڕینە تێکبشکێت یان ژنان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکی گەورە دەبنەوە بەم شێوەیە مەترسی هەیە، بۆیە خۆ ڕێکخستن بە شێوەیەکی سەربەخۆ بۆ ژنان زۆر گرنگە".

 

شۆڕشی دیموکراتی لە سوریا

ئیلهام ئەحمەد، باسی لەو کۆنگرانە کرد کە لەلایەن ژنانی کوردەوە ڕێکخرابوون و وتی: "ئەو کۆنگرانە نەک تەنها لە ڕۆژئاوا بەڵکو لە زۆر ناوچەدا بەڕێوەدەبرێت، یەکەم جارە کە ژنانی کورد پێشەنگایەتیان دەکەن و بەو شێوەیە پەرەی پێدەدەن بۆ کۆکردنەوەی ژنان لەهەموو وڵاتەکان و پێشخستنیان، بێگومان ئەم جۆرە کۆنگرەیانە زۆر بەهێزن و توانا بە کۆمەڵگە و سیستمە دموکراتیکەکان دەدەن کە بەڕاستی بۆ ئازادی تێدەکۆشن و ژنان پێشەنگایەتی دەکەن، میکانیزمی ڕێکخراوی ژنان دژی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی بنەڕەتیترین گەرەنتییە کە هەم ژنان دەپارێزێت و هەم زامنی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەو سیستمەکانە، بۆیە پێشەنگایەتی ژنان زۆر گرنگە.

 

ڕەوشی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا

ئیلهام ئەحمەد، ژنانی ناوچە داگیرکراوەکانی بەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، کە هەواڵگری تورکیا سیاسەتێکی تایبەت بە ژنان پەیڕەو دەکات و وتی: ناوچە داگیرکراوەکان دیارترین نموونەن کە چۆن سیستمی پیاو دەستی بەسەر ژناندا گرتووە، هەموو شێوازەکانی گێچەڵکردن و دەستدرێژی و کوشتن و ئەشکەنجەدان بە بێ جیاوازی نەتەوە و بیروباوەڕی ژنان دەچەوسرێنەوە هەوڵگری تورکیا و چەتەکانی سیاسەتی تایبەتی دژ بە ژنان پەیڕەو دەکەن و دەبێت ژنان بەنهێنی خۆیان ڕێکبخەن.

 

پێویستی بە سیستمێکی کۆنفیدراڵی ژنانی جیهان

ئیلهام ئەحمەد بەم پەیامە کۆتایی بە قسەکانی هێنا و وتی: دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ژنان کراوەتەوە و دەرفەتەکانیان بۆ زانین زۆر پێشکەوتووە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زانستی ئازادی و دیموکراسیدا ساتە زۆر بەهێزەکانی ئازادی لە هەموو جیهاندا لەبەردەم ژناندان، بۆیە پێویستە ژنان خۆیان لە سیستمێکی کۆنفیدراڵیدا ڕێکبخەن، نەک تەنیا لە وڵاتێک یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو لە ئاستی جیهانیشدا ژنانی نێودەوڵەتی کە لە ناوەندەکانی بڕیارداندا جێگەی خۆیان دەگرنەوە، دەبێت بە ڕۆحیەتی و زانستی ژنانەوە کار بکەن بۆ ئەوەی ئاشتیی جیهانی بەدەستبهێنن، ژیانێکی نوێ دروستببێت و کۆتایی بەو نایەکسانییەی ئێستا بێت، بۆیە زۆر ژن پێویستە یەکبگرن و بتوانن بە شێوەیەکی کۆنفیدراڵی بتوانن سیستمی دەسەڵاتداری تێکبدەن.