بەهۆی تێکۆشانی ژنانی ئێرانەوە خەڵاتی سیمۆن دی بۆوڤواریان پێدەبەخشرێت

خەڵاتی ساڵانەی سیمۆن ی بۆوڤوار ئەمساڵ لەپێناو تێکۆشان و پێشەنگایەتییان، بەخشرایە ژنانی ئێران.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە سێ مانگە، شۆڕشی ئازادی گەلی کورد و گەلانی ئێران لە ئێران بەردەوامە، کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تارانەوە دەستیپێکرد، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕژانە شەقامەکان و داوای لابردنی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ و سەرکوتکاری و گۆڕینی دەسەڵاتی ڕژێمی ئێرانیان کرد.

 

ئەم پێشەنگایەتیەی ژنان لە جیهاندا دەنگی دایەوە و توێژە جیاوازەکان و گەلانی جیهان پشتیوانیان لە شۆڕشی ئێران کرد، لە پێناو ئەو پێشەنگایەتیەدا بۆ ئازادی، لە ڕاگەیەندراوێكدا دامەزراوەی خەڵاتی سیمۆن دی بۆوڤوار بڵاویكردەوە، خەڵاتی ئازادی ژنان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن دامەزراوەكەیان بە یادی ژینا ئەمینی پێشكەش بە ژنانی ئێران دەكەن.

 

لە ڕێوڕەسمێکیشدا ڕۆژی ٩ی مانگ، لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا خەڵاتەکە دەدرێتە ژنانی ئێران، کە خەڵاتێکی ساڵانەیە و ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨ەوە دەبەخشرێتە پێشەنگێکی دیار کە ئیرادە و کارەکانی جێگەی خۆی لە ئاڵوگۆڕی هزری و ژیانیدا بکاتەوە.

 

سیمۆن دی بۆوڤوار، نووسەر و فەیلەسوفی خەڵكی وڵاتی فەرەنسایە، چەندین ڕۆمان و كتێبی فەلسەفیی هیە، بەناوبانگترین كتێبی "ڕەگەزی دووەم"ـە، كە لە ساڵی ١٩٤٩دا نووسراوە و باس لە دۆخی ژن لە ئەوروپای سەردەمی خۆیدا دەکات.