ژنێکی گەنجی ١٧ ساڵ ژیانی لەدەستدا و هۆکارەکەی نازانرێت

ژنێکی گەنجی ١٧ ساڵ دەوترێت لە نهۆمی ١١ی شوقەکەیانەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە و گیانی لەدەستدا، کە یەکێک بوو لە ژنە دیارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

مەروە قەیس، ١٧ ساڵ و دانیشتووی گوندی لوبنانی لە شاری هەولێر، شەوێ ڕابردوو لە نهۆمی ١١ی شوقەکەیەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە و گیانی لەدەستدا، تا ئێستاش هیچ لایەنێکی فەرمی پەیوەندیدار زانیارییان لەبارەی ڕووداوەکەوە نەخستووەتە ڕوو.

 

مەروەی ١٧ ساڵ یەکێک بووە لە ژنە گەنجە دیارەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیک تۆک و ڤیدیۆکانی بڵاودەکردەوە، زیاتر لە چوار ملیۆن بینەری هەبوو.

 

ڕووداوی هاوشێوە هەبووە

ڕووداوەکانی خۆکوشتنی ژنانی گەنج بە گوماناوی دەمێننەوە و هۆکار و شێوازی ژیان لەدەستدانەکانیان ئاشکرا نابێت، لە هەندێک حاڵەتدا لایەنی ئەمنی ڕاستی ڕووداوەکان ئاشکرا دەکات، هاوشێوەی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی کە لە ١ی ئەیلولدا ڕایانگەیاند، گەنجێکیان بە ناوی "ق، م، پ" لەدایكبووی ١٩٩٤ دەستگیرکردووە کە خوشکەکەی خۆی کوشتووە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاووە، لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٢دا ژنێکی گەنج بە ناوی "ك. م. پ." لەدایكبووی ١٩٩٣ لە پزیشكی دادوەری سلێمانی بووە، لە کاتی وەرگرتنی وتەی كەسوكارەکەیدا ئاماژەیان بەوەداوە کە لە نهۆمی دووەمی ماڵی خۆیان خۆی هەڵداوەتە خوارەوە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کە لەلایەن براکەیەوە بە پارچەیەک ئاسن کوژراوە.