شایان عەسکەری: حکومەت ئامادەیە ڕێککەوتن و سەفەقاتی ناڕوون لەگەڵ دوژمنی کورد بکات

شایان عەسکەری لەبارەی مووچەی فەرمانبەران کە لای حکومەتە بە سەرۆکی حکومەتی هەێمی کوردستان دەڵێت: "حکومەتەکەتان ئامادەیە ڕێککەوتن و سەفەقاتی ناڕوون لەگەڵ دوژمنی کورد بکات، بەڵام ئامادە نییە مووچە و شایستە داراییەکانی ھاوڵاتیانی خۆی بدات".

ناوەندی هەواڵ

 

شایان عەسکەری، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیویەتی: "بەڕێز سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئێوە دەڵێن ھاوڵاتی ئامادە نییە پارەی کارەبای حکومەتی خۆی بدات، بۆچی ئەو حکومەتە لە داھاتی نەوت و گومرگ ھی ئێوەیە واتا (شەخس و حزب)، بەڵام بۆ دانەوەی قەرزی کارەبا و ئاو و شتی تر حکومەتی ھاوڵاتییە؟".

 

لە درێژەی نووسینەکەیدا وتوشیەتی: "حکومەتەکەتان ئامادەیە ڕێککەوتن و سەفەقاتی ناڕوون لەگەڵ دوژمنی کورد بکات، بەڵام ئامادە نییە مووچە و شایستە داراییەکانی ھاوڵاتیانی خۆی بدات".

 

شایان عەسکەری چارەسەری بۆ ئەو پرسە دەخاتەڕوو، ئاماژەی بەوەکردووە کە باشترین چارەسەر بۆ ئەو کێشەیە (مقاصە)یە، واتا لە بری ئەو مووچانەی ھاوڵاتیان کە لای حکومەتە، پارەی قەرزی کارەبا و ئاو و قیستی خانوو و پێشینەی هاوسەرگیری هەڵگرنەوە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە بیانووی قەیرانی دارایی مووچەی دەیان مانگی فەرمانبەران کەوتووەتە لای حکومەت و تا ئێشتاش چارەنووسی وەرگرتنەوەی ئەو مووچانە نادیارە، هاوڵاتیانیش بەهۆی بێ مووچەی و کێشەی داراییەوە نەیانتوانیوە کرێی ئاو و کارەبا بدەنەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە لێدوانێکیدا دەڵێت، خەڵک ئامادەیە پارەی موەلیدەی ئەهلی بدات و بەرگەی دووکەڵ و دەنگەکەیشی بگرێت، بەڵام ئامادەنییە پارەی کارەبای حکومی بدات، یارمەتی حکومەتەکەی خۆتان بدەن و پارەی کارەبا بدەن.