٢٠ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، زیندانیانی بادینان دۆخیان خراپە

ماوەی ٢٠ ڕۆژە زیندانیانی بادینان لە زیندانەکانی پەدەکەدا مانیان لە خواردن گرتووە و لەبارەی خراپبوونی تەندروستیانەوە، پارێزەران و چالاکوانانی مەدەنی هۆشداری دەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای سلێمانی کۆمەڵێک لە چالاکوان و پارێزەر بۆ پشتیوانیکرد لە زیندانیانی بادینان گردبوونەوە و لەبارەی خراپی دۆخی تەندروستی و دەستکردن بە مانگرتن هۆشدارییان دا.

 

هێمن مامەند چالاكوانی مەدەنی، لەسەر ناوی کەسوکاری زیندانیانی بادینان قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا لە زیندانیانی بادینان بە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەوە بە بڕیاری مەسرور بارزانی لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا سزادراون، سەرەڕای تەواوبوونی سزاکەشیان بەڵام ئازاد ناکرێن، ماوەی ٢٠ ڕۆژە دەستیان بە مانگرتن کردووە لە زینداندا و بەهۆی گەرماوە خەریکە گورچیلەکانیان دەوەستێت و چاویان کوێر دەبێت.

 

هەروەها خرایەڕوو کە بارودۆخی تەندروستی زیندانیان زۆر خراپە و کۆتا پەیامی زیندانیانی بادینانیش ڕاگەیەندرا کە دەڵێن: "هەفتەیەکی تر تەرمەکانمان لە زیندان ببەنە دەرەوە، چونکە گەر وابڕوات هەموومان گیانمان لەدەستدەدەین"، چالاکوانان و پارێزەران لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو بەسەر زیندانیاندا، دەسەڵات بە بەرپرسیار دەزانن، داواشیان لە لایەنەکان کرد هەڵوێستی جدیتر بنوێنن.