داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکرێت لەسەر دۆخی منداڵانی هەرێم بێتە دەنگ

لەگەڵ ئەوەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستانیان ڕاگەیاندبوو کە یاداشتێکیان ئاڕاستە دەکەن بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە، بەڵام هیچ ئەندام پەرلەمانێک ئامادە نەبوو.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان لقی سلێمانی، یەکێتی لاوانی کوردستان لقی سلێمانی و یەکێتی گشتی قوتابیانی کوردستان ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی سلێمانی، وەک کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە یاداشتێکیان ئاڕاستەی نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان کرد.

 

یاداشتەکە لەلایەن سۆنیا ئەحمەد، ئەندامی کۆمەڵەی ئافرەنی کوردستان، خوێندرایەوە و ئاڕاستەی لیژنەی مافی مرۆڤ، لیژنەی پەروەردە و فێرکردن و لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی کوردستان کرا و تێیدا وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی منداڵان لە سەرجەم منداڵانی کوردستان، ئاماژەیان بەوەدا کە ژیانی منداڵان و دۆخی ئابووری خێزانەکانیان و سیستمی پەروەردەو فێرکردنیان هەرگیز مایەی خۆشحاڵی نییە، ڕەوشی پڕ لە قەیرانی هەرێمی کوردستان تا دێت بەرەو خراپ تر دەچێت بە جۆرێک چینی هەژار و زەحمەتکێش ڕوو لە زیادبوونە.

 

داوای باشکردنی دۆخی منداڵان دەکرێت

لە یاداشتەکەدا هاتووە، "منداڵەکان پشکی سەرەکیان بەردەکەوێت لە بوونی ئەو قەیرانانەدا لە کاتێکدا دەبێت منداڵ لە ئاسوودەی ژیاندا بەهرەمەندییان پەرەپێبدرێت، بۆیە لە ڕێگای ئەم یاداشتەوە چەند خاڵێکتان ئاڕاستە دەکەین.

١-هەڕاجکردن و بەتایبەتکردنی کەرتی پەروەردە و تەندروستی بێبایەخی و دواکەوتووی کەرتی پەروەردەی لێکەوتووەتەوە.

٢- ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی منداڵان زیاد دەکات کە بەهۆی نەبوونی و هەژارییەوە واز لە خوێندن دەهێنن و ڕۆژانە لەسەر شەقامەکان کار دەکەن و توشی چەندەها کێشەی دەروونی و جەستەیی دەبنەوە.

 

٣- لە پای بوونی دۆخی ناسەقامگیری ئەم هەرێمە ژیانی منداڵان لەگەڵ سەرەتایترین بەندەکانی مافی مرۆڤ و منداڵان یەکناگرێتەوە.

٤- لەم ڕۆژە جیهانییەدا داواتان لێدەکەین چیتر بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبن و بە کردارانە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بدەن کە منداڵ تێیدایە.

 

٥- هەنگاوەکانی چارەسەرکردن تەنها لە بەڵێنی بێ کرداردا نەمێنێتەوە، بەڵکو منداڵان بگەڕێندرێنەوە بۆ دنیای پاکی خۆیان."

 

لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەشیان بەوەدا کە وەک نوێنەری نەتەوە و هاوڵاتیان پەرلەمان پێویستە لە ئاست ئەو بەرپرسیارییەتەدا بێت، بەڵام هەرچەندە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستانیان ئاگادار کردبووەوە لە سەردانەکەیان، بەڵام هیچ کام لە ئەندام پەرلەمانەکان ئامادە نەبوون.

 

هەنی هەڵگورد، وەک منداڵێک، ڕۆژی جیهانی منداڵان لە هەموو هاوڕێکانی پیرۆز دەکات و داوا دەکات مافی هەموو منداڵان بدرێت، بە تایبەت ئەو منداڵانەی لەسەر شەقامەکان کار دەکەن.