هەولێر، بکوژێک دوای سێ مانگ لە دەستگیرکردنی ئازاد کراوە

ژنێکی دانیشتووی هەولێر دوای کوشتنی هاوژینەکەی و لەناوبردنی بەڵگەکانی کەیسەکەی، باسی لەوەکرد هۆکاری ئازادکردنی بکوژ و داخستنی کەیسەکە نازانن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، عالیە عەبدول، دانیشتووی شاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە بەردەم دادگای هەولێر ئاماژەی بەوەدا کە هاوژینەکەی بە ناوی فوئاد ئەحمەد، لە ڕۆژی ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٠ لە ماڵ دەرچووە و لە ٢ی ئایاری ٢٠٢٠ بە کوژراوی دۆزراوەتەوە، سەرەڕای ئاشکرا بوون و دەستگیرکردنی تاوانبار، بەڵام دوای سێ مانگ بکوژەکە ئازاد کراوە.

 

عالیە عەبدول لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی: کەیسی کوشتنی هاوژینەکەم دەستکاریی کراوە، چەند بەڵگەیەک دەستکاریی کراون و هەندێکیشیان لەناوبراون، تاوانبار لە کامێرای چاودێرییەوە دەرکەوتووە، دەستگیرکرا بەڵام دوای سێ مانگ ئازاد کرا، هۆکاری ئازادکردنی ئەو کەسە نازانین.

 

ئەو ژنە وتیشی بەرپرسێک لە پشت داخستنی کەیسەکەوەیە و چەندین جار سەردانی دادگایان کردووە و داوای ڕوونکردنەوەیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێک نەدراونەتەوە.