تاڵیبان هەڵبژاردنی کۆلێژەکانی زانکۆ بۆ ژنانی گەنج سنورداردەکات

لە تاقیکردنەوەی وەرگیران لە زانکۆ، تاڵیبان هەڵبژاردنی کۆلێژی بۆ خوێندکارانی کچ سنووردارکردووە و لە ١٣ فاکەڵتی بۆیان هەیە تەنها ٨ دانە هەڵببژێرن و چیتر ژنان بۆیان نیە بواری ڕۆژنامەگەری بخوێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

خوێندکارانی کچ لە ئەفغانستان لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ تاقیکردنەوەی وەرگرتن بۆیان دەرکەوت ناتوانن بەشی دڵخوازی خۆیان بۆ خوێندن لە زانکۆ هەڵبژێرن، ئەمەش دوای ساڵێک لە قەدەغەکردنی چوونە قوتابخانەی کچانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵی دێت بۆ وەرگیرانیان لە خوێندنگا ئامادەییەکان، لە ئێستادا تاڵیبان سنوورێکی بەرفراوان دەسەپێنێت بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە کام خولدا ناویان تۆمار بکەن لە زانکۆ حکومییەکان.

 

فاتیمە ناوێکی خوازراوە بۆ ژنێکی گەنجی تەمەن ١٩ساڵ کە بۆ بی بی سی قسەیکردووە، خەڵکی پارێزگای لاغمانە لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان، خەونی فاتیمە پیشەی ڕۆژنامەگەری بووە دەیوویست لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن کاربکات و بۆ مافەکانی ژنان تێکۆشان بکات بەڵام لە تاقیکردنەوەی وەرگیران لە زانکۆ بۆی دەردەکەوێت کە ناتوانێت ئەو بەشە هەڵبژێرێت.

 

نەیتوانیووە ساڵی کۆتایی خوێندنی لە قوتابخانە تەواو بکات، چونکە کچان لەلایەن تاڵیبانەوە قەدەغەکرابوون لە خوێندنی ئامادەیی دوای ئەوەی لە مانگی ئابی ٢٠٢١ دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت، بەڵام تاڵیبان بڕیاریدا کە ئەو کچانەی کە لە کۆتا ساڵی خوێندندا بوون دەتوانن لە تاقیکردنەوەکانی وەرگرتنی زانکۆشدا دابنیشن بەڵام لە ماڵەوە خۆیان بۆ تاقیکردنەوەکە ئامادەبکەن.

 

هەڵبژاردنی خوێندن بۆ ژنان لە زانکۆ سنووردارە

 لە زانکۆی نەنگەرهار خوێندکارانی کچ  مافی هەڵبژاردنیان پێدراوە لە کۆی ١٣ فاکەڵتی تەنها لە حەوت فاکەڵتی هەڵبژێرن، ژنان بۆیان نییە بابەتەکانی وەک ڕۆژنامەگەری، کشتوکاڵ، پزیشکی ڤێتێرنەری، ئەندازیاری یان ئابووری بخوێنن.

 

خوێندکارە کچەکان ئەنجامی تاقیکردنەوەیان پێدرایەوە کە لە بابەتەکانی وەک پەرستاری، مامانی یان ئەدەبیات دەتوانن بخوێنن، هەڵبژاردن بۆ خوێندکارانی کچ دەتوانێت لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکی تر جیاواز بێت و بەپێی ئەوەی کە تۆ لە کام بەشێکی وڵاتدایت، لە هەموو پارێزگاکاندا ژنان بۆیان هەیە دەرمانسازی و پەرستاری وەربگرن، هەروەها ڕاهێنانی مامۆستایان و خوێندنی ئیسلامیش، بەڵام زانستی ڤێتێرنەری و ئەندازیاری و ئابووری و کشتوکاڵ لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ ژنان قەدەغەو سنووردارکراوە، لە کاتێکدا دەرفەتەکانی خوێندنی ڕۆژنامەگەری بەتەواوی لە ژنان سەندراوەتەوە.

 

بەرپرسان پێشبینی دەکەن ئەمساڵ ١٠٠ هەزار خوێندکار کە لەوانەش ٣٠ هەزار خوێندکاری کچ تاقیکردنەوەی وەرگرتنی زانکۆ لە ئەفغانستان ئەنجام بدەن، ساڵی خوێندن لە مانگی ئازار یان ئاب دەست پێدەکات و بەزۆری دوو بۆ سێ مانگ دەخایەنێت تا ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی وەرگرتن ڕادەگەیەنرێت، ئێستا کە تاڵیبان گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، کەس دڵنیا نییە کەی ئەنجامەکان بڵاودەکرێنەوە.

 

 بەپێی یاساکانی تاڵیبان کچان و کوڕان بە جیا تاقیکردنەوەکانیان ئەنجامداوە و سەبارەت بە جیاکردنەوەی خوێندکاران بەپێی ڕەگەز بۆ نموونە بەیانیان کوڕان، پاشنیوەڕۆ کچان تاقیکردنەوەکانیان ئەنجامداوە یان بە بەکارهێنانی پەردە لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە جیایان دەکەنەوە، لە هەندێک پارێزگا کە ژمارەی کاندیدەکان زۆر بوو، تاقیکردنەوەی وەرگرتن لە ماوەی دوو سێ ڕۆژدا ئەنجام دەدرا.

 

چالاکوانان دەڵێن لە ساڵانی داهاتوودا ژمارەی ئەو خوێندکارە کچانەی کە داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ زانکۆ دادەبەزێت، ئەگەر تاڵیبان قوتابخانەی ناوەندی بەڕووی کچانی پۆلی ٦ تا ١٢ نەکاتەوە، لە پارێزگای لەغمان ساڵی رابردوو نزیكەی ١٢٠٠كچ تاقیكردنەوەكەیان ئەنجامدا لەكاتێكدا ئەمساڵ ژمارەكە بۆ تەنها ١٨٢ كچ دابەزیبوو.