خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکان بەڕێوەدەچێت

خەڵکی شاری مهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکان، بە دانانی بەربەست و ئاگرکردنەوە ناڕەزایی خۆیان دەربڕی.

لارا گەوهەری

 

مهاباد- دوێنێ، ٦ی شوبات هێرشی ژەهراویکردنی خوێندکاران لە مهاباد دەستیپێکرد و خوێندکارانی قوتابخانەی سەبای کچان لە گۆگتەپەی مهاباد ژەهراوی بوون، بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، قوتابخانەکانی دیکە لە دەوامی پاش نیوەڕۆدا کاتژمێرێک زووتر کۆتاییان بە پۆلەکانیان هێنا.

 

نەسرین محەمەدی، دایکی یەکێک لە قوتابیانی شاری مهابادە دەڵێت: کاتژمێر چواری ئێوارە بوو کە دراوسێکەمان بەپەلە لە دەرگاکەیدا و گوتی با بچین بە دوای کچەکانماندا لە قوتابخانە ژەهراوی بوون، کچێکی تەمەن ٩ ساڵانم هەیە لەو قوتابخانەیە دەخوێنێت، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لەبەردەم قوتابخانەکەدا وەستابوون و منداڵیان دەگواستەوە کە باری تەندروستییان سەخت ببوو، کچەکەمم لە قوتابخانە دۆزیەوە، بردمەوە ماڵەوە و دوای نزیکەی نیو سەعات، دەستیکرد بە ڕشانەوە و هەناسەی تەنگ بوو، یەکسەر بردمە نەخۆشخانە، حەوشە و ناو ژووری فریاکەوتن پڕ بوو لە دایک و باوک کە چاوەڕێی منداڵەکانیان بوون، هەموو حەوشە و ژووری فریاکەوتنەکان پڕ بوون لە هێزی ئەمنی و یەکپۆشەکان کە ڕێگری لە وێنەگرتن و ڤیدیۆ دەکەن.

 

شەیدا کەریمی سەبارەت بە ژەهراویبوونی کچەکەی دەڵێت: کچەکەمیان بردبووە نەخۆشخانە، کاتێک بینیم ڕەنگی تێدا نەمابوو بە باشی هەناسەی نەدەدا، زۆر ترسابوو و بەردەوام دەگریا، بردیانە بەشی منداڵان، هاوڕێکانی باس لەوە دەکەن کە هەستیان بە بۆنێکی سەیر کردووە، دوای ئەوە بەشێک لە منداڵەکان هەستیان بە نەخۆشی کردووە و بەڕێوبەری قوتابخانەکەیان ئاگادار کردووەتەوە، کاتێک خۆم پرسیارم لە بەڕێوەبەرەکە کرد، وتی ژەهراویکردنی سادەیە و ڕەتیکردەوە بوونی گاز بێت، هەروەها نەخۆشخانەکە ئەمپول و دەرمانی تێدا نەبوو و نەیانتوانی وەک پێویست ئاگاداری هەموو قوتابییەکان بن.

 

بە پێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە لە نەخۆشخانەی خومەینی شاری مهاباد خەوێندراون، گەیشتووەتە زیاتر لە ٥٠ کەس و نەخۆشخانەکە لەژێر چاودێری هیزی ئەمنیدایە، قوتابخانەکانی دیکەش زووتر لە کاتی خۆی داخران.

 

خەڵکی شاری مهاباد لە ناڕەزایەتی بە ژەهراویکردنی خوێندکارانی شەوی دووشەممە بە دروستکردنی بەربەست و داگیرساندنی ئاگری شۆڕش لە ناوچەکانی شارۆچکەی کارمندان و  پشت تەپە ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە حکومەت و بارودۆخی هەنووکەیی دەربڕی و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و مردن بۆ دیکتاتۆریان وتەوە.

 

هەروەها بانگەوازی بۆ چالاکی بەرفراوانی ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکرایەوە.