کەلار، ٧٣ دار بەبۆنەی ٤ی نیسانەوە چێندرا

بە چاندنی ٧٣ دار، ٧٣یەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە گەرمیان کرایەوە.

گەرمیان

 

شەوی ڕابردوو لە ٧٣یەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە لە گوندی سەید خەلیلی سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ٧٣ دار چێندرا و ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی بەرخۆدان، خەبات و نوێبوونەوەی سروشت لە قەڵەمدرا.

 

سەرەتای ئاهەنگەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد و دواتر ٧٣ دار وەک ئاماژە بۆ ٧٣یەمین ساڵی تەمەنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چێندرا.

 

وتاری ڕژاک لەلایەن سوهام مەحمود ئەحمەد، ئەندامی ڕێکخراوەکە خوێندرایەوە و  تێیدا هاتووە: "هزر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ لەمڕۆدا لە هەر چوار پارچەی کوردستان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێبازی تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراتییە و لەمڕۆدا گەلی کورد سەرمەشق و ئیلهامبەخشی خواست و هیوای گەلانە. ئەمەش وایکردووە هەموو ساڵێک یادی لەدایکبوونی ڕێبەرەکەمان تەنها لەلایەن گەلی کوردەوە پیرۆز نەکرێت".

 

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: ئەم ڕۆژە بە تایبەت لای ژنان، واتایەکی گەورە لەخۆدەگرێت، چونکە ژنانی کورد لەسایەی فکری ئۆجالاندا، بوونە خاوەن هێز و پێگەی ڕاستی خۆیان و ساڵانە زۆرینەی چالاکییەکانی ئەم یادە لە لایەن ژنانەوە ڕێکدەخرێت. هەر بۆیە ئەم ڕۆژە لە شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان، لە گەلەکەمان و مرۆڤایەتی پیرۆزدەکەین و بەڵێنی ئازادیی بە خۆمان و ڕێبەر ئاپۆ دەدەین.

 

ئاهەنگەکەدا بە گۆرانی هەڵپەرکێ کۆتایی پێهات.

 

ت.پ