دوای ساڵێک لە کۆچی دوایی شلێر ڕەسوڵی؛ تا ئێستا دۆسیەکە یەکلایی نەکراوەتەوە

شلێر ڕەسوڵیی تەمەن ٣٦ ساڵ، خەڵکی شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵێک پێش ئێستا بۆ بەرگریکردن لە هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەری لەلایەن یەکێک لە دراوسێکانییەوە، لە پەنجەرەی نهۆمی دووەوە خۆی فڕێدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٨ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا، دایکی دوو منداڵ بەناوی شلێر ڕەسوڵی، تەمەن ٣٦ ساڵ، خەڵکی شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵێک پێش ئێستا بۆ بەرگریکردن لە هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەری لەلایەن یەکێک لە دراوسێکانییەوە، لە پەنجەرەی نهۆمی دووەوە خۆی فڕێدا و گیانی لەدەستدا.

 

گۆران قادری دانیشتووی شاری مەریوان، بە بیانووی نەخۆشیی هاوسەرە دووگیانەکەی، داوای هاوکاری لە شلێر ڕەسوڵی تەمەن ٣٦ ساڵ کرد و بردییە ماڵەکەی خۆی، دوای ئەوەی شلێر ڕەسوڵی زانی کە ماڵەکە چۆڵە و مەبەستی خراپە، لە پەنجەرەی نهۆمی دووەمەوە خۆی فڕێدا.

 

شلێر ڕەسوڵی بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی “کەوسەر” لە شاری سنە گوازرایەوە، نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢ گیانی لەدەست دا، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوە چالاکوانانی ژن لە بەردەم دادگای مەریوان کۆبوونەوە و داوای دانانی یاسایان بۆ پاراستنی ژنان کرد.

 

نزیک بە ساڵێک دوای کۆچی دوایی شلێر ڕەسوڵی، دادگای مەریوان ڕۆژی ١٠ی ئاب ڕایگەیاند کە تۆمەتبار بە ناوی "گۆران قادری" بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست سزا دراوە و ئەم حوکمە لە لایەن بنەماڵەی شلێر ڕەسوڵی ناڕەزایی لێکەوتەوە و بڕیارەکە ڕەوانەی دادگای باڵای ئێران کرا.

 

شلێر ڕەسوڵی نە یەکەم قوربانی توندوتیژییە و نە دواهەمین قوربانیی توندوتیژییە، لە سەردەمی حکومەتی دژە ژندا، ژنان ڕۆژانە سوکایەتیان پێدەکرێت و بێ ڕێزییان بەرامبەر دەکرێت و ژیانیان لێ دەسەندرێتەوە، وەک شلێر ڕەسوڵی، ڕۆمینا ئەشرەفی، ژینا ئەمینی، مونا حەیدەری.

 

هەرچەندە ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی شلێر ڕەسوڵیدا تێپەڕیوە و سەرەڕای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئیدانەکردنی توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران، بەڵام بکوژەکە ئەو سزایەی کە شایەنی بوو وەرنەگرت و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو یاسا دژە ژنەی کە تا ئێستاش مافی ژنان پێشێل دەکەن و سیستەمی پیاوسالاری توندتر دەکەنەوە، بەڵام خەباتی ژنان و ئازادیخوازان دژی جیاکاری ڕەگەزی بەردەوامە.