ناسنامەی ژنە تیرۆرکراوەکەی شاری کەرکوک ئاشکرا بوو

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک لەلایەن دوو ماتۆڕسوارەوە دەستڕێژی گولـلە لە چالاکوانێکی ژن کرا و شەهید بوو، ناسنامەی ژنەکە ئاشکرا کرا کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە.

ناوەندی هەواڵ

 

پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ لە گەڕەکی سەرچناری شاری کەرکوک دوو ماتۆرسوار دەستڕێژی گولـلەیان لە ژنێکی چالاکوانی سیاسی کرد و بە هۆیەوە شەهید بوو.

 

بەپێی زانیارییەکان، دوو کەسی ماتۆڕسوار کە دەمووچاویان هەڵپێچاوە، تەقەیان لەو ژنە چالاکوانە کردووە و شەهیدبوو، دوای ڕووداوەکەش تاوانبارەکان لە شوێنەکە هەڵهاتوون و تائێستاش دەستگیرنەکراون.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراوەتەوە، ژنەکە ناوی فەریال سلێمان خالیدە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٧ی خەڵکی شاری حەسەکەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ماوەی رابردوودا بۆ سەردانیکردنی رێکخراوەکانی ژنان، رووی لە باشووری کوردستان کردووە.

 

دوای رووداوەکە تەرمی فەریال سلێمان خالید گەیەندراونەتە پزیشکی دادی کەرکوک، پۆلیسی کەرکوکیش ڕایگەیاند، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە و بەپێی فەرمانی دادوەریش بڕیاری دەستگیرکردن بۆ تاوانباران دەرکراوە.