ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا : پێویستە ڕۆڵی ژنان لە بنیادنانی وڵاتدا بناسرێت
ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیای کانتۆنی ڕەققە ڕاگەیاندراوێکیان سەبارەت بە کردنەوەی پڕۆسەی نوێی سووریای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە پێویستە مافی هەموو مرۆڤەکان و کەرامەتی هاووڵاتیان بپارێزرێت و ڕۆڵی ناوەندی ژنان لە بنیادنانی وڵاتدا بناسرێت.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2024/12/20241216-20241216-image-870x-6760126e6fe5f-jpgfca995-image-jpgc62ce0-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زێنۆبیای کانتۆنی ڕەققە ڕاگەیاندراوێکیان بە ئامادەبوونی ڕێکخراوەکانی ژنان لە کانتۆنەکە بڵاوکردەوە، کە لەلایەن ڕەندا عەساف، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنەکە، خوێندرایەوە و وتی: رژێمی ئەسەد گەندەڵی بڵاوکردەوە، سەختترین کردەوەکانی دژی خەڵکی ئەم وڵاتە ئەنجامدا ، مافەکانمانی دزی و مامەڵەی نادادپەروەرانەیان لەگەڵ کردین.
لە درێژەی راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەم سەرکەوتنە پڕۆسەی بنیادنانی سووریای نوێ دەستیپێکرد و وتی: سووریای نوێ دەبێت دیموکراسی و دادپەروەرانە بێت، دەبێت مافی هەموو خەڵک و کەرامەتی هاووڵاتیان و ڕۆڵی ناوەندی ژنان لە بنیادنانی وڵاتدا پارێزراو بێت.
هەروەها ئاماژە بەوە درا کە گەلی سووریا سەلماندی کە زۆر بەهێزە و شکست ناهێنێت، گەل باری شەڕ و وێرانکاری لە ئەستۆ گرتووە و دەستبەرداری هیوای داهاتوویەکی باشتر نەبووە.
هەروەها تیشک خراوتە سەر خۆڕاگری ژنانی سووری لە بەرامبەر سەختییەکان و ڕۆڵی ئەوان لە پاراستنی بنەماڵە و وڵاتدا و داوا لە حکومەتی ئینتقالی سووریا کرا بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەلی سووریا.
لە ڕاگەیانداراوەکەدا ئاماژە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتە بەکرێگیراوەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کراوە و ڕاگەیەندراوە کە ئەو هێرشانە نەک هەر هەڕەشە لە ئاسایشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن، بەڵکو ئاسایشی تەواوی ناوچەکەش دەخەنە مەترسییەوە، هەروەها بەرخۆدانی هێزەکانی (هەسەدە) لە دژی چەتەکانی داعش و ئازادکردنی سەدان گوند و شار و هەوڵەکانی بۆ بنیادنانی ئایندەیەکی باشتر وەبیرهێنرانەوە.
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدانی ئازادی کرا و ئەم پەیامە درا: "بەردەوام دەبین لە تێکۆشان تا گەیشتن بە ئامانجەکانمان و بنیادنانی سووریایەکی پێشکەوتوو و دادپەروەر و دیموکراسی".