"یاساکان ژنانی مەغریب لە توندوتیژی ناپارێزن"

چالاکوانی یاسایی نەعیمە خۆشان دووپاتی کردەوە کە یاساکانی ئێستای توندوتیژی دژی ژنان نەیانتوانیوە ژنان بپارێزن و پێویستە هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بدرێت.

حەنان حارت

 

مەغریب - کۆمەڵەی "تلدات" کە نەعیمە خۆشان سەرۆکایەتی دەکات، لە ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوە. یەکێکە لە کۆمەڵە چالاکەکانی ژنان و چاودێری بارودۆخی ژنان لە گوندەکان دەکات و کار بۆ گەشەپێدانی ژنان و ڕێگریکردن لە هاوسەرگیری منداڵ دەکات.

 

نەعیمە خۆشان، سەرۆکی کۆمەڵەی تلدات، باسی لە چالاکییەکانی کۆمەڵەکە کرد و وتی: کۆمەڵەکە کار لەسەر ئەو ژنانە دەکات کە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، هەروەها ڕاوێژکاری دەروونی و یاسایی دابین دەکەن، لە لایەکی ترەوە نێوەندگیری خێزان دەکات و باری ئابووری ژنان باشتر دەکات و ... هتد. کارێکی دیکەی کۆمەڵەکەمان هۆشیارییە لەناو ژنانی گونددا، ژنانی گوندەکان گەیشتوونەتە ئاستی هۆشیاری، ئەوەش لە سایەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بووە و ژێرخانی گونجاویش بۆ ژنان دابین کراوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە پێویستەکان.

 

"ژنان پێویستیان بە سەنتەری پەروەردە هەیە"

نەعیمە خۆشان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سەرەڕای پەرەپێدانی ژێرخان و بەستنەوەی زۆربەی گوندەکان بە تۆڕەکانی ئاوی خواردنەوە و پێداویستییە سەرەتاییەکان، بەڵام ئەمە بەس نییە، گوندەکان هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە و هێشتا پێویستیان بە ناوەندی پەروەردە هەیە، پێویستە ئیدارەی هەرێم ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردە دابمەزرێنن، ئاسانکاری بۆ ژنان و کچانی گوندەکان بکەن کە لە کۆمەڵگەدا چالاک بن و یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز مسۆگەر بکەن.
 

"بەتەنها یاسا ناتوانێت دیاردەکە کەم بکاتەوە"

نەعیمە خۆشان یاسای ١٣-١٠٣ی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەڵسەنگاند، کە لە ساڵی ٢٠١٨دا دەرچووە و دەڵێت: ئەم یاسایە پارێزگاریی پێویستی بۆ ژنانی مەغریب دابین نەکردووە، داتاکان ئاستی توندوتیژی دژی ژنان دەردەخەن و بە تەنها یاسا ناتوانێت دیاردەکە کەم بکاتەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، نەعیمە خۆشان داوای لە داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان کرد کە زیاتر بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان کار بکەن و وتی: پێویستە ئاستی خەبات بەرز بکرێتەوە، بۆ زیاتر پاراستنی مافەکانی ژنان، بەتایبەتی لە مەغریب، هەروەها پێویستە هاوکاری نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێزتر بکرێت.