سەرەڕای دۆخی تەندروستی وریشە مورادی لە چارەسەری پزیشکی زەوت کراوە

دوای سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی، چالاکوانی سیاسی و زیندانیکراوی زیندانی ئێڤین، وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لی قەدەغە کراوە و ئەو مافەشی زەوتکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی وریشە مورادی لە زیندانی ئیڤین زانیاری خستوەتەڕوو و ئاماژە بەوە دەکات، لە دوای دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ئێڤین، لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە مافی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لێ زەوت کراوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، وریشە مورادی بەهۆی ٢٠ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن تووشی کێشەی هەرس بووە، بەڵام دوای سەپاندنی سزای سێدارە بەسەریدا، ئەو مافەی لێ قەدەغە کراوە و هیچ چارەسەرێکی پزیشکی وەرنەگرتووە.

 

هاوكات، لە ١٠ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە، وریشە مورادی وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن ئێرانەوە، مانگرتنی دەستپێکرد و دواتر بە فشاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و نێودەوڵەتیی و چالاکوانان و ئازادیخوازان لە ژێر فشاردا وازی لە مانگرتن هێنا.

 

جێگای ئاماژەیە، وریشە مورادی لە  ٣١ی  تەمموزی ٢٠٢٣ لە نزیک سنە دەستگیر کرا، دوای نزیکەی پێنج مانگ لێکۆڵینەوە لە ناوەندەکانی ئیتلاعات گوازرایەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاران. لە ١٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی “بەغی” سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.