ڕۆژنامەنووسێکی دیکە لە هێرشەکانی ئیسرائیل گیانی لەدەستدا

لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی فەڵەستینی گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەبێ وەستان، بەردەوامە.

 

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە غەززە زانیاری لەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسانە داوە کە لە سەرەتای هێرشەکەوە تا ئێستا لە کەرتی غەززە کوژراون، لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، لە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ڕۆژنامەنووس ڤێفا عەلی ئەلعادەینی کە لە زۆرێک لەو دامەزراوانەدا کاردەکات کە بە زمانی ئینگلیزی پەخش دەکەن، گیانی لەدەستداوە، لە کۆمەڵکوژییەکانی ئەم دواییە، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە، بووە ١٧٤ ڕۆژنامەنووس.

 

لە بەیاننامەکەدا، بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە ئیدانە کراوە، هەروەها بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کراوە و ڕاگەیەندراوە، بۆ ئەوەی ئیسرائیل دەست لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی هەڵگرێت، ڕێوشوێنی توند ئەنجام بدەن و پێویستە بۆ ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن و دەستبەجێ ڕێوشوێن بگیرێتەبەر.