دایکانی ئاشتی کوردستان پاڵپشتی لە گەوهەر ئەشقی دەکەن

دایکانی ئاشتی کوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ دایکی داواکاری دادپەروەری گەوهەر ئەشقی ڕاگەیاند، کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی مینا سوڵتانی مانی لە خواردن گرتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٤ی ئەیلوولی ئەمساڵ، دایکانی ئاشتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک پشتیوانی خۆیان بۆ گەوهەر ئەشقی ڕاگەیاند کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەستگیرکردنی مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەمەدیی گیانبەختکردووی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی دایکانی ئاشتی کوردستاندا هاتووە، "پشتیوانی دایکە گەوهەر ئەشقی دەکەین، لەگەڵیدا هاوڕاین و داوای ئازادکردنی بێ مەرجی دایە مینا سوڵتانی و هەموو ئەو باوک و دایکانەی، کە تەنها لەسەر تاوانی داوای دادپەروەری زیندانی و ئەشکەنجە دەدرێن، دەکەین".

 

ئەم دایکانە هەروەها ئاماژەیان بە ئازار و ئەشکەنجەی دایکانی داواکار لەلایەن رژێمی ئیسلامییەوە کرد و ڕایانگەیاند: باوەڕ پێنەکراوە ئەو دایکە داواکارانەی، کە منداڵەکانیان لە ناڕەزایەتییەکی مەدەنی و ئاشتیانەدا لە شەقامەکاندا گولەباران کران و بۆ هەمیشە لە مافی ژیانیان زەوت کران، ئێستا بە هۆی داواکردنی دادپەروەری لە گۆشەی زینداندا گیراون.

 

دایکانی ئاشتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوە داوە، "بە جەختکردنەوە لەسەر ئازادکردنی بێ مەرجی دایکان و باوکانی داواکار و زیندانیانی سیاسی لە زیندان، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، داوا لە هەموو ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەکەین، ڕێگە نەدەن بە نوێنەرانی ڕێبەرانی ڕژێمی ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دروشمی جیهانێکی ئارام بۆ هەمووان بڵێنەوە".

 

شایانی باسە، گەوهەر ئەشقی دایکی سەتار بەهەشتی، لە میانی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکدا لە ١٧ ئەیلوولی ٢٠٢٤، ڕایگەیاند کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەستگیرکردنی مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەمەدی، مانی لە خواردن گرتووە.