ژنانی ئێران پشتیوانی خۆیان بۆ دووەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی خستەڕوو

لە دووەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی، ژمارەیەک ژن لە ناوخۆی ئێران ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵێک لە چالاکوانانی ژن لە ئێران، بە بۆنەی دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی دەوڵەتی ژینا ئەمینی و دەسپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن ژیان، ئازادی"، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئەم ڕاپەڕینەیان بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران ناوبرد.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە پێشکەوتنی ژنان و گەنجان لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان ئازادی"دا، ڕایانگەیاند: "یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم بزووتنەوەیە، جەختکردنەوە لەسەر عەلمانیەت و فێمینیزم بوو"، ئەم بزووتنەوەیە توانی بەرەنگاری نەریتی پیاوسالاری و ئایینی ببێتەوە و ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە عەقڵیەتی چینە تەقلیدییەکانی کۆمەڵگە بەرەو مافەکانی ژنان و گەنجان.

 

دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:

دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینی کە لە ١٦ ئەیلولی ٢٠٢٢ دا  بە دەستی پۆلیسی ئەخلاق کوژرا، وەرچەرخانێک لە مێژووی خەباتی کۆمەڵایەتی لە ڕژێمی ئێران دادەنرێت. ئەم ڕووداوە بووە هۆی دەستپێکردنی بزووتنەوەیەکی بەربڵاو لە ژێر دروشمی "ژن، ژیان ئازادی"، ئەم بزووتنەوەیە کە بە ناڕەزایەتییەک لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئیسلامی و دژە ژن دەستی پێکرد، ژن و گەنجی کردە پێشەنگەکانی ئەم بزووتنەوەیە.

 

بزووتنەوەی "ژن، ژیان ئازادی" بە شێوازە داهێنەرە بەرەنگاربوونەوەکانی لە بەرامبەر  سەرکوتی دەوڵەت توانی شەقامەکانی ئێران بهەژێنێت، گەنجان و ژنانی ناڕازی بە داهێنانی شێوازی ناڕەزایەتی جیاواز توانیان سەرنجی جیهان بۆ ئەم بزووتنەوەیە ڕابکێشن، دەستپێشخەرییەکانیان لە دژی شێوازە دڕندەکانی چەوساندنەوە، وێنەیەکی ڕوونی لە تێکۆشانی مۆدێرن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕەخساند.

 

بانگەوازی ناڕەزایەتی ژنان لە کاردانەوە بە کوشتنی ژینا(مەهسا) ئەمینی، بە خێرایی لە کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران بڵاوبووەوە و دواتر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پیشاندرا. لە وڵاتانی دراوسێی وەک هیندستان، پاکستان و ئەفغانستان، هەروەها لە کۆبوونەوەی ئێرانییەکانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات، پشتیوانی لە دروشمەکانی ئەم بزووتنەوەیە دەکرا و ناڕەزایەتی بەرفراوان دروست بوو، کە بوو بە دەنگی گەلی ئێران.

 

ناڕەزایەتی جەماوەری و کردەوەکانی وەک سووتاندنی لەچک و نەپۆشینی حیجابی زۆرەملێ هەر زوو بوونە سیمبولی ئەم بزووتنەوەیە و ئاڵنگاری دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژی دەوڵەتی کرد.

 

ئاشکرابوونی تاوانەکانی دەوڵەت لەم ناڕەزایەتیانەدا، هاوسۆزی نێوان بنەماڵەی شەهیدان لە بزووتنەوەکانی پێشووی وەک زانکۆ، ڕاپەڕینەکانی ٨٨ و ٩٦ و ٩٨ بەهێزتر کرد. بزووتنەوەی سکاڵاکردن بۆ دادپەروەری، هاوشانی خەباتەکانی دژ بە سێدارە و سەرکوت، وەک یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکانی ئەم بزووتنەوەیە بەردەوامە و داوای دامەزراندنی دادگایەکی گشتی دەکات بۆ دادگاییکردنی بکەرانی ئەو تاوانانە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی یەکڕیزی نێوان گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگە وەک ژنان، کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان دەکرێتەوە.

 

ئەم هاوپەیمانییە کە هاوکات لەگەڵ پشتیوانی لە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی دژبە سیستەمی سەرمایەداری پێکهێنرا، ئامانجی خۆی گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان دەزانێت.

 

هەروەها جەخت لەوە دەکرێتەوە کە پێویستە بە سنووردانانێکی وورد لەگەڵ ڕەوتە باڵادەستەکان ڕێگری لە ئیستغلالکردنی ئەم بزووتنەوەی گەلە بکرێت.