جەخت لەسەر خەباتی هاوبەش بۆ شکاندنی گۆشەگیری دەکرێتەوە

شاندەی دەم پارتی و تەژەئە لە چوارچێوەی سەردانەکانیاندا بۆ لای لایەنەکانی باشووری کوردستان، دوێنێ لەگەڵ توێژە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر کار و خەباتی هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئازادی و شکاندنی گۆشەگیری کردەوە.

سلێمانی

 

ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی هۆتێل مەم و زین لە شاری سلێمانی، شاندی پەرلەمانتارانی دەم پارتی و ژنانی تەژەئا، لە چوارچێوەی سەردانەکانیان بۆ باشووری کوردستان، بە دروشمی "کات کاتی ئازادیی گەلی کورد و گەلانی بندەستە"، گفتوگۆیەکی کراوەیان لەسەر بارودۆخی کوردستان و ڕەوشی گەلی کورد ساز کرد و لەگەڵ هاوڵاتیان، چالاکوانان، سیاسەتمەداران و توێژە جیاوازەکانی چوار پارچەی کوردستان کۆبوونەوە.

 

لە دانیشتنەکەدا باس لە دۆخی کوردستان و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ئەرکی گەل لە بەرامبەر یەکێتی و یەکگرتوویی نەتەوەیی گەلی کورد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان و بەرقەراکردنی ئاشتی کرا، هەروەها جەخت لە چارەسەرکردنی پرسی  سیاسیی کورد کرایەوە.

 

هەر لە دانیشتنەکەدا جەخت لەسەر پرسی گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کرایەوە، کە ماوەی ٢٥ ساڵە لە ژێر گۆشەگیریی و ٤١ مانگە لە ژێر گۆشەگیریی توند دایە و ڕێگا نادرێت بە پارێزەران و خانەوادەکەی کە چاویان پێی بکەوێت، لە کاتێکدا هەموو هەوڵ و تێکۆشانی لەپێناو ئاشتی و دیموکراسیی و ئازادیی گەلاندایە لە ناوچەکەدا.