لە ئەڵمانیا دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان ٪٧.٧ زیادی کردووە

بە پێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە خوار تەمەنی ١٤ ساڵەوە لە ساڵی ڕابردوودا لە ئەڵمانیا دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر ٪٧.٧ زیادی کردووە، لە کۆی ١٨ هەزار و ٤٩٧ منداڵ کە دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر ٪٧٤.٦یان کچن.

ناوەندی هەواڵ

 

نانسی فایزەر، بەرپرسی ناوخۆی ئەڵمانیا، ڕاپۆرتێکی بەشی تاوانەکانی فیدراڵی خستەڕوو، کە بە پێی ئەو ڕاپۆرتە؛ لە ئەڵمانیا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە خوار تەمەن ١٤ ساڵەوە دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر ٪٧.٧ زیادی کردووە، ساڵی ڕابردوو ١٨ هەزار و ٤٩٧ منداڵ دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر، ٪٧٥.٦یان کچن و ٪٢٤.٤ کوڕن.

 

دەستدرێژیکاران کەسانی نزیکن

نانسی فایزەر ئاماژەی بەوەدا، کە هەموو ڕۆژێک ٥٤ منداڵ و گەنج دەستدرێژی سێکسی دەکرێنە سەریان و تا ئێستا زۆرێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر نەکراون، وتیشی: زۆربەی دەستدرێژیلێکراوان، لەلایەن ئەندامانی خێزان، هاوڕێ یان ناسیاوەکانیانەوە دەستدرێژییان کراوەتەسەر، ئەرکی هەموو کۆمەڵگە و دەوڵەتیش ئەوەیە کە لە کاتی مەترسی لەسەر منداڵان هەنگاو بنێن، دەسەڵاتدارانی لێکۆڵینەوەکانمان بە باشی کاردەکەن بۆ وەستاندنی دەستدرێژی سێکسی و خێرا دەستنیشانکردنی تاوانەکان، نابێت دەستدرێژیلێکراوان لە هیچ شوێنێک هەست بە ناسەلامەتی بکات، بۆ ئەوەی منداڵان و گەنجان لە توندوتیژی سێکسی بپارێزین، پێویستە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت جێبەجێ بکەین و بۆ ئەمەش بەردەوام دەبم لە کارەکانم.

 

"ئێمە پەرە بە توانا تەکنیکییەکانمان دەدەین بۆ دیاریکردنی دەستدرێژیلێکراوان"

مارتینا لینک، جێگری بەرپرسی بەشی تاوانەکانی فیدراڵی، ئاماژەی بەوەدا کە تێکۆشانیان لە دژی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان ماوەیەکی زۆرە لە بەرنامەی کاریاندایە و وتی: دەستدرێژیلێکراوان کە تووشی زەبر و زەنگی قورس دەبن، زۆرجار لەگەڵ دەرئەنجامەکانی تاواندا بەرەنگاری دەکەن.