"پێویستە ژنانی ئەمازیغ بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و خەونەکانیان تێبکۆشن"

خەدیجە غەزالی، سەرۆکی کۆمەڵەی ژنان و منداڵانی سوس، ڕایگەیاند، سەرەڕای هەموو سەختییەکان، ژنانی ئەمازیغ دەستیان کردووە بە هەڵوێستی بڕیاردان، پێویستە ژنانی ئەمازیغ بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و خەونەکانیان تێبکۆشن.

حەنان حارت

 

مەغریب- ژنانی مەغریبی بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ شکاندنی شێوازەکانی زاڵبوونی پیاوان و پەرەپێدانی پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییان، ژنانی ئەمازیغ کە کۆمەڵەی جیاواز پێکدەهێنن بە فراوانکردنی هاوکارییەکانیان ئامانجیان پەرەپێدانی یەکترە، هەروەها کۆمەڵەی ژنان و منداڵانی سوس بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ پشتگیریکردنی ژنانی ئەمازیغی.

 

کۆمەڵەی سوس لە تارانت لە باشوری مەغریب بەردەوامە لە کارەکانی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری پشتگیری وەک تەندروستی یاسایی و تەندروستی دەروونی بە پاراستنی مافەکانی ژنان و منداڵان، هەروەها هەوڵدەدات ئاستی ژیانی ژنان بە پاڵپشتی ئابووری و کۆمەڵایەتی باشتر بکات.

 

"دەمانەوێت کۆمەڵگەیەکی یەکسان بەدەستبهێنین"

خەدیجە غەزالی، سەرۆکی کۆمەڵەی ژنان و منداڵانی سوس ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندی بە ژنانەوە دەکەن لە گوندە دوورەکانی دەوروبەری تارانت و کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری سەبارەت بە مافە ئابووری و تەندروستییەکان، کۆمەڵەکە بەردەوامە لە کارکردن لەسەر سەرچاوەکانی مافەکانی مرۆڤ و وتی : کار لەسەر کۆمەڵێک بابەت دەکەین کە پەیوەندییان بە ژنان و منداڵانەوە هەیە، ئامانجمان پاراستنی شکۆمەندیی، لەناوبردنی جیاکاریی ڕەگەزی و بەدەستهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسانە.

 

"دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک تێدەکۆشین"

خەدیجە غەزالی ڕایگەیاند، دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژی ژنان تێدەکۆشن و وتی: هەروەها کاردەکەین بۆ بونیادنانی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ منداڵان، هەوڵ دەدەین منداڵان لە چەوساندنەوە و جیاکاری بپارێزین، هەروەها کاری پەروەردەیی ئەنجام دەدەین بۆ هاندانی سیاسەتکردنی ژنان.

 

"گەورەترین بەربەست هۆشیاری پیاوانەیە"

خەدیجە غەزالی ڕایگەیاند، گەرەترین زەحمەتی لە کارەکانیاندا ئەو هۆشیارییەیە لەلایەن پیاوانەوە زاڵە، بۆیە بەرنامەکان بەهۆی هەندێک نەریتەوە ڕاگیراوە بە تایبەت لە گوندەکاندا، وتی: لەبەر ئەوەی هۆشیارییەکی پیاوانە هەیە کە کاتێک پیاوان زاڵ دەبن و ژنان شەرمەزار دەکرێن، ژنانی ئەمازیگی کە لە گوندەکان دەژین ناچار دەکرێن هاوسەرگیری بکەن لەبری ئەوەی بچن بۆ قوتابخانە وەک هاوڕێکانیان، دەچنە کێڵگەکان بۆ یارمەتیدانی دایکیان یان دەبێت ئەرکەکانی ماڵەوە بکەن، وەک کۆمەڵەیەک پارێزگاری لە مافەکانیان دەکەین.

 

"سەرەڕای ئەو بەربەستانە، کۆمەڵەکە هەنگاوی گرنگی ناوە"

خەدیجە غەزالی ئاماژەی بەوەشکرد، دڵخۆشە بە ئەنجامەکانی کۆمەڵەکە کە لە ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوەو وتی: سەرەڕای بەربەستەکان، کۆمەڵەکە هەنگاوی گرنگی ناوە، بەڵام هێشتا کارێکی زۆرمان ماوە بۆ ئەنجامدانی و دەبێت بەردەوام بین لە خەبات، گۆڕانکارییەکان لە بارودۆخی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا کاریگەری لەسەر ژنانی ئەمازیغیش هەیە و ژیانیان دەگۆڕێت، بارودۆخی ژنانی ئەمازیغ جیاواز نییە لە بارودۆخی ژنانی مەغریب، بەڵام زۆربەی ژنانی ئەمازیغ لە ناوچە گوندەکان دەژین و لەبەرئەوە ڕووبەڕووی سەختی زیاتر دەبنەوە لە ژیانیاندا.

 

"ژنانێک هەن کە دژی هۆشیاری کۆمەڵگە تیدەکۆشن"

خەدیجە غەزالی ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای هەموو سەختییەکان، بارودۆخی هەندێک لە ژنانی ئەمازیغ گۆڕاوە و وتی: ژنانێک هەن کە دژی هۆشیاری کۆمەڵگە تیدەکۆشن و لەم دواییانەدا پۆستی پێشەنگ و بڕیاردانیان وەرگرتووە، هەروەها هەندێک لە ژنان بەشداری لە هاوکارییەکاندا دەکەن و هەنگاوی گرنگ دەنێن، ئەوان دەتوانن داهاتە داراییەکانیان وەربگرن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا خەدیجە غەزالی داوای لە ژنانی ئەمازیغی کرد و وتی: ژنانی ئەمازیغ دەبێت تواناکانی خۆیان پەرەپێبدەن و خەبات بکەن بۆ بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکانیان و خەونیان هەبێت. چونکە ئەوان دەتوانن هەموو شتێک بەدەست بهێنن بە بەردەوامی و ئیرادەی خۆیان، ژنان هەرگیز مافیان پێنادرێت، بۆیە دەبێت بۆ مافەکانمان تێبکۆشین.