بۆ دادگاییکردنی بنەماڵەی بارزانی تاژێ نامەیەکی نارد

ڕێکخراوی سندوقی قوربانیانی کوردستان سکاڵایەکی لە دادگای فیدراڵی ئەمریکا تۆمار کردووە بۆ دادگاییکردنی مەسرور بارزانی و نەوەکانی بارزانی لەسەر تاوانەکانیان، تاژێ لە نامەیەکدا پشتگیری سکاڵاکەی کرد.

شەنگال

 

لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سندوقی قوربانیانی کوردستان سکاڵایەکی لە دادگای فیدراڵی ئەمریکا تۆمارکرد دژی مەسرور بارزانی و نەوەکانی بارزانی بە ٢٥ تۆمەتی کوشتن، ساختەکاری، شایەتی درۆ، ڕفاندن، قڕکردن، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەشکەنجەدانی هاوڵاتییەکی ئەمریکی، دەرکردنی هاوڵاتیان لە ئەرک و موڵکەکانیان، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، بازرگانیکردن بە تاکەکان، ئەو گروپ و ڕێکخراوانەی کە لە لیستی تیرۆردان لەگەڵ ئەمریکا، لە ١٥ی شوبات، دادگای فیدراڵی ئەمریکا لەسەر سکاڵای ڕێکخراوەکە بڕیارێکی پێشکەش بە مەسرور بارزانی کرد و ۲۱ ڕۆژی مۆلەت دا بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانە، لە کۆتایی بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەگەر لە کۆتایی کاتی دیاریکراودا هیچ وەڵامێک نەدرایەوە، ئەوا ڕێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر.

 

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" نامەیەکی بۆ پشتیوانی لە سندوقی قوربانیانی کوردستان نارد و داوای کرد کە بنەماڵەی بارزانی بە تاوانی جینۆسایدکردنی شەنگال دادگایی بکرێن.

 

نامەکەی تاژێ بەم شێوەیەیە:

دوای فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، ئێمە تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدیمان لە ٢٠١٦ دامەزراند، سندوقی قوربانیانی کوردستان سکاڵایەکی لە دژی نەوەی بارزانی تۆمەتێکی ٢٥ خاڵی کە یەکێک لەوانە جینۆسایدی ئێزدییەکانە لە دادگای فیدڕاڵی ئەمریکا تۆمارکردووە، سەرەتا دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە پرسی دادگاییکردنی پەدەکە لەسەر تاوانەکانی دژی کۆمەڵگەی ئێزدی و ژنانی ئێزدی، بە زۆر گرنگ و ئەرێنی دەبینین.

 

پەدەکە خیانەتێکی مێژوویی لە کۆمەڵگەکەمان کردووە

ئێمەی ئێزدی لە مێژوودا ڕووبەڕووی ٧٤ فەرمان بووینەتەوە،دوایین فەرمان لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، بەدەستی دوژمنی مرۆڤایەتی داعش و هاوبەشی پەدەکە و دەوڵەتی تورکیاوە جێبەجێکرا، لە ئەنجامی ئەم فەرمانەدا هەزاران کەس کوژران و ڕفێندران و نزیکەی ٧ هەزار ژن و منداڵ لەلایەن داعشەوە دەستگیرکران، تا ئێستا ٨٧ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و گۆڕ و شوێنە پیرۆزەکانمان تەقێندراونەتەوە، پەدەکە خیانەتێکی مێژوویی لە کۆمەڵگەی ئێمە کردووە، ١٢ هەزار پێشمەرگەی پەدەکە هەبوون بە حساب شەنگالیان دەپاراست، کاتێک فەرمانەکە ڕوویدا بێ ئەوەی فیشەکێک بتەقێنن شەنگالیان ڕادەستی داعش کرد، ئەمڕۆ پەدەکە بۆ ئەوەی تاوانەکانی بشارێتەوە پڕوپاگەندەی هەڵە دەکات و دەڵێت "ئێمە شەنگالمان ڕزگارکرد، ٥٠٠ شەهیدمان لە شەنگال هەیە" هەموو جیهان دەزانێت کێ خیانەتی لە کۆمەڵگەی ئێزدیمان کردووە و کێ ڕزگاری کردووە، بە چاوی خۆمان بینیمان کە چۆن پەدەکە خیانەتی لە کۆمەڵگەکەمان کرد، خۆمان شایەتی فەرمانی ٢٠١٤  بووین و دەڵێین ئەگەر پەدەکە ٥٠٠ شەهیدی بەخشیبێت، تەرمەکانیان و ناوەکانیان لە کوێن؟ هەموو کەسێک لەشەنگال لە تەمەنی ٧ ساڵ بۆ ٧٠ ساڵ ئەم ڕاستییانە دەزانێت، ئەوانەی ژیانی خۆیان بەخشی منداڵی ئەم کۆمەڵگایە بوون، سەدان شەهیدمان هەیە.

 

پەدەکە لەسەر دیلەکانمان بازرگانییەکی پیس دەکات

هەروەها پەدەکە لەسەر دیلەکانمان بازرگانییەکی پیس دەکات ئەمە دژی ئەخلاقی مرۆڤایەتییە و دژی یاسای نێودەوڵەتییە،جارێکی دیکە، بەهۆی هاوکارییەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، دەوڵەتی تورکیا دەیان جار هێرشی کردە سەر شەنگال و پێشەنگەکانی کردە ئامانج، هەرچەندە پەدەکە خۆی بە پارتی دیموکراتی کوردستان ناودەبات، بەڵام پێچەوانەکەیەتی چەندین ساڵە بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و داعش بە بیرکردنەوەی دەسەڵاتداری و بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی، هاوسەری ئەبوبەکر بەغدادی بەم دواییانە دانی بەوەدا نا کە پەدەکە چۆن یارمەتییان داوە.   

 

وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی دەڵێین: ئامادەین دۆسیە و ڕاپۆرتی پێویست دەربارەی جینۆسایدی ٣ی ئابی ٢٠١٤ پێشکەش بە ئێوە و شوێنە پەیوەندیدارەکان بکەین بۆ ئەوەی ڕاستی و دادپەروەری لە شوێنی خۆیدا بهێنینەوە،دەڵێین ئێستا کاتی دادپەروەرییە و لەسەر ئەم بنەمایە داواکارییەکانمان بەم شێوەیەیە:

 

١- پێویستە گروپە سەربەخۆکان سەردانی عێراق بکەن و بە تایبەتی سەردانی شەنگال بکەن.

 

٢- پەدەکە لەسەر تاوان، خیانەت، جینۆساید لە بەرامبەر کۆمەلگەی ئێزدی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ دادگایی بکرێت.