ژنان سەرکۆنەی تیرۆرکردنی سیاسەتمەدار فریال سلێمان خالید دەکەن

ژنان لە باشووری کوردستانەوە سەرکۆنەی تیرۆرکردنی ژنانی سیاسەتمەدار و فریال سلێمان خالید دەکەن، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە ١٨ی مانگ تیرۆر کرا، جەختیشیان کردەوە، کە لەسەر ڕێبازی ژنانی پێشەنگ بەردەوام دەبن لە تێکۆشان.

سلێمانی

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، ژنانی ئازادیخواز، چالاکوانی ژنان و سیاسی، هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان و چەندین کەسایەتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کردەوەی تیرۆری ژنانی سیاسەتمەدار و بە تایبەت فریال سلێمان خالید، کە لە ١٨ی کانوونی دووەم لە گەڕەکی سەرچناری شاری کەرکوک لەلایەن دوو ماتۆڕسواری نەناسراوەوە تیرۆر کرا، شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند، "پێویستە حکومەتی هەرێم و لایەنی پەیوەندیدار بکەرانی ئەو تیرۆرە ئاشکرا بکات".

 

حەمرین ئیدریس حەسەن بەیاننامەی کۆنگرەی ستاری خوێندەوە و ڕایگەیاند، بە ناوی نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستارەوە لە باشووری کوردستان ئەو کردە نامرۆڤیەی شاری کەرکوک کە، فریال سلێمان خالیدی تیادا تیرۆر کرا، شەرمەزار دەکەین، وەک دەزانرێت هەڤاڵمان ژنێکی پێشەنگە و بۆ کاری ڕێکخراوەکانی کوردستان لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە سەردانی باشووری کوردستانی کردبوو، بە مەبەستی درێژەدان بە خەباتی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوور، داوا دەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکان بکوژانی ئەم کردەوەیە ئاشکرا بکات و ڕادەستی دادپەروەری بکرێت، هیوادارین هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق خاوەن هەڵوێست بن و بتوانین پێکەوە ژنان بپارێزین.

 

سارا ڕەزا، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە سەرەتای قسەکانیدا سەرەخۆشی لە ژنانی باشووری کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان و ئازادیخوازان کرد و ڕایگەیاند، "تیرۆرکردنی هەڤاڵ زەلال (فریال سلێمان خالید) لە شاری کەرکوک کردەیەکی سیاسی و نەتەوەی بوو، پەیامێک بوو بۆ خەڵکی کەرکوک کە چەندە تێکۆشان بکەن بە تیرۆر وەڵامتان دەدەینەوە، شەهیدبوونی هەڤاڵ زەلال بۆ یەکەمجار نییە و لە باشووری کوردستان چەندین جاری دیکە ڕوویداوە، تیرۆرکردن لە گەرمیان و تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل لە سلێمانی و مامۆستا جیهان، کە مامۆستایەکی ناڕازی بوو لە هەولێر و تیرۆرکردنی هەڤاڵ زەلال لە کەرکوک تیرۆرێکی سیاسییە، سیستم و داگیرکاران لە ژنی پێشەنگ و سیاسەتمەداران دەترسن و بە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیانی دەبینن، بۆیە داوا لە هەموو ژنان و ڕێکخراوەکان دەکەین کە هەڵوێستیان هەبێت و خاوەنداری لە شەهیدەکان بکەن.

 

شەیدا مەعروف لەسەر ناوی دەستپێشخەری "ژنان کوردستان دەپارێزن" پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ژنان کرد و وتی: کوشتنی ژنان بووەتە دیاردە لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژانە ڕوودەدات، بە ناوی ژنان و دەستەی دەستپێشخەری داوا لە ژنانی ڕێکخراوەکان و پارتەکان و چالاکوانان دەکەین کە یەکڕیز و یەک چەتر بن تا ڕێگر بین لە تیرۆرکردنی ژنانی پێشەنگ و کوشتنی ژنان بە هەر بیانوویەک.

 

کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "فریال نامرێ" کۆتایی پێهات.