شاندێکی ڕێکخراوەکانی ژنان سەردانی چادری مانگرتووانی گەڕەکى نەورۆزیان کرد

بە مەبەستی پشتیوانی لە دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکوک، شاندێک، کە پێکهاتبوون لە بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان سەردانی چادری مانگرتووانیان کرد و ئیدانەی هەوڵە داگیرکاریەکانیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای هەوڵی چەندان ساڵەی تەعریب و تەتریک لە شاری کەرکوک، ئیتاش ئەو هەوڵە داگیرکارییە لەسەر دانیشتووانی کورد و گەڕەک و ناوچە کوردنشینەکان بەردەوامی هەیەو ماوەی ١٠ ڕۆژە سوپای عێراق هەوڵ دەدات خانووی دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز داگیر بکات.

 

لە بەرامبەر ئەو هەوڵەدا دانیشتووانی ئەو گەڕەکە چادری مانگرتنیان هەڵداوە و ڕێگری لە تەعریب کردن و ئەو هەوڵەی سوپای عێراق دەکەن.

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١١ی کانوونی دووەم، شاندێک کە پێکهاتبوون لە بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان، لەوانیش، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان، یەکێتی ژنانی کوردستان و ژنانی فەیلی، لە شاری کەرکوک سەردانی چادری مانگرتووانی گەڕەکی نەورۆزیان کرد و پشتوانی خۆیان بۆ خەڵکی گەڕەکەکە دووپات کردەوە.

 

هاوکات، ئەو شاندە ئیدانەی هەموو ئەو هەوڵانەیان کرد، کە دژایەتی ئیرادەی خەڵکی کەرکوک دەکەن، بە تایبەت دواین هەوڵی تەعریب و داگیرکاری، کە ماوەی ١٠ ڕۆژە لە دژی دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز بەڕێوەدەچێت.