ئاماری توندوتیژی ئەلکترۆنی دژی ژنان خرایەڕوو
لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئەو ئاماری توندوتیژی ئەلکترۆنی، کە لە دادگا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی شار و شارۆچکەکان کۆکراونەتەوە، خرایەڕوو.
سلێمانی
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆتێل تایتانیک لە شاری سلێمانی، پرێش کۆنفرانسێک تایبەت بە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگار بونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەلایەن ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق بەڕێوەچوو.
لە پرێس کۆنفرانسەکەدا ئەنجامی ڕاپرسییەک خرایەڕوو لە بارەی توندوتیژی ئەڵکترۆنی، پاشان لە پانێکێكدا باس لەو یاسایانە کرا کە پێویستیان بە هەمووارکردنەوە هەیە.
پارێزەر نەسرین عەلی، ئەندام لە ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق، باسی لەوەکرد، لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسایی خراپ بەکارنەهێنانی ئامێرە پەیوەندییەکان بەمەبەستی هەموارکردنەوە و پێداچوونەوەی ماددەکانی پەرلەمان لە پەرلەمانی عێراقدا گفتوگۆ دەکەن، کە لە داهاتوودا ئەنجامەکانی دەخرێتەڕوو.
نەسرین عەلی ئاماژەی بەو ئامارانە کرد لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی شار و شارۆچکەکان دەربارەی توندوتیژی ئەلکترۆنی وەرگیراون و وتی: بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتی بنکەی پۆلیسی سلێمانی و دادگاوە وەرگیراوە، لە کۆی گشتی داوا لە هەموو دادگاکانی کەتنی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٢٢٣ حاڵەت هەبووە، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢٥٧ و لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٣٢٧ حاڵەت لە دادگاکاندا تۆمار کراوە، هەروەها ئەو داوایانەی بڕیاری تێدا دەرچوو، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٤١، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٦٥، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٦ حاڵەت کەیسەکانیان لە دادگاکان بە ئەنجام گەیشتوون.
ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ژمارەی سکاڵا تۆمارکراوەکانی بڵاوکردەوە، کە لەساڵی ٢٠٢٠دا ٦٤٢، لەساڵی ٢٠٢١دا ٥٨٧، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٦٩٠ حاڵەت تۆمار کراوە، ژمارەی دەستگیرکردنی تاونباران لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٥٤٣، لەساڵی ٢٠٢١دا ٤٧٣، لەساڵی ٢٠٢٢دا ٤٠٠ حاڵەت کەیسەکانیان بە ئەنجام گەیشتوون.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٢٤، لە ساڵی ٢٠٢١دا ١٥، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٣٦ دۆسیە هەبووە.
پارێزەر نەسرین عەلی، لەکۆتایدا وتی: ئامانجمان لە خستنەڕووی ئەم ئامارانە ئەوەیە کە بەرچاو ڕوونی هەبێت بۆ ژنان و بەرەنگاری ئەو توندوتیژیانە ببنەوە کە لەلایەن خراپ بەکارهێنەرانەوە ئەنجام دەدرێت.
بەسمە حەمید، ئەندامی ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق، ئاماژەی بەوەدا، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگار بونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەم کۆنفرانسە ئەنجامدرا، وتیشی: ئامانجمان لە هۆشیارکردنەوەی ژنانە، ژنان دەبێت مافەکانیان بزانن و هۆشیاربن بەو یاسایانەی کە پرسی ژنی تیایە و ئەو ماددانەی لە دادگاکاندا تایبەتە بە ژنان لەلایەن ژنانەوە هۆشیاری لە بارەیانەوە هەبێت.