ماڵی ئومێد بۆ خانەنشینان، ئومێدیەکی نوێ بۆ بەرەوپێشبردنی ڕۆشنبیری و هونەر

یەکەمین پێشانگای پەرتوک لە ماڵی ئومێدی خانەنشینان بە ئامادەبوونی نووسەران و پەروەردەکارانی خانەنشین و بەهاوکاری ماڵی ئومێد بەڕێوەچوو.

ژونا ئەردەلان

 

سنە- یەکەمین پێشانگای پەرتوک لە ماڵی خانەنشینی ئومێد لە شاری سنە بە بەشداری نووسەرانی شارەکانی، سنە، سەقز، بانە، بۆکان و .. هتد، بۆ ماوەی هەفتەیەک کرایەوە و هاوڵاتیان بە گەرمییەوە سەردانیان دەکرد.

 

موحتەرەم حەیدەری، یەکێک لە پەروەردەکارە خانەنشینەکان و نووسەێکی ئامادەبووی پێشانگاکە، باسی لە ئامانجی پێشەنگاکە کرد، کە ناساندی نووسەرانی شارەکە و ئەو نووسەرانەیە، ڕەنگە بۆ زۆرێک ئاشنا نەبن، ئەوەشی خستەڕوو: نووسەرانی ژن و پیاو بەشداریان کردووە، لەناو ژنانیشدا دەتوانم ئاماژە بە شیلان گیلانی، هەڵاڵە سوهرابی، مەستوورە درەخشی، میترا هۆمایونژاد و ژنانی دیکە بکەم، لە پێشەنگاکەدا پەرتوکی "یاری پۆل و لێهاتوویی وەرزشی لە زستاندا"ی خۆم نمایشکراوە، بێگومان پەرتوکێکی دیکەشم لە چاپدا هەیە بە ناوەکانی "پێداچوونەوە بە مافەکانی ژنان لە ئایینەکاندا (جوولەکە، مەسیحی، ئیسلام و هتد)" و "ژیان و خزمەتی سەرکردەکانی کوردستان"، کە پەیوەستە بە ژیانی شۆڕشگێڕانەیان و خیانەتی کۆلۆنیالیستی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

سەبارەت بە ماڵی ئومێد، موحتەرەم حەیدەری دەڵێت: ماڵی ئومێد ماڵی دووهەمی شایستەیە بۆ خانەنشینانی شاری سنە و پێویستە هەموو شارێک ماڵی ئومێدی هەبێت، لە ئێستادا ماڵی ئومێدمان هەیە لە سەقز و سنە و ئومێددارین لە ساڵانی داهاتوودا ماڵی ئومێد لە شارەکانی تر بکرێنەوە، هەروەها لەم دواییانەدا قاوەخانەیەک بۆ خانەنشینان و خێزانەکانیان کراوەتەوە، هەروەها پۆلی کۆمەڵگەی ئەدەبی و شەوی شیعر لە ئێوارەی شەممە تا پێنجشەممە کراوەیە و خانەنشینان دەتوانن تیایدا کاتەکانیان بەسەر ببەن.