بەهۆی شەڕی ٨ مانگەوە دۆخی مرۆیی لە سودان خراپتر دەبێت

شەڕی ٨ مانگی سودان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا "RSF" بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران کەس و برینداربوون و ئاوارەبوون، ئەمەش نیگەرانی نەتەوەیەکگرتووەکانی لێکەوتووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ناکۆکییەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا "RSF" لە ١٥ی نیسانی ڕابردووەوە لە سودان بەردەوامە لە بەشێکی گەورەی وڵاتەکە بەتایبەتی لە دارفۆر و کۆردۆفان و خەرتووم، بەپێی ئامارەکانی ئەم دواییانە ژمارەی بریندارەکان گەیشتووەتە زیاتر لە سێ هەزارو  ٦٧٩ کەس و پێدەچێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت، لەبەر ئەوەی ئێستا زۆرێک لە ناوچەکان بەهۆی نەبوونی ئاسایشیەوە ناتوانن دەستیان پێ بگات.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند ئامارەکانی سودان "سەرسوڕهێنەرن" و ١١ ملیۆن کەس پێویستیان بە یارمەتی تەندروستی بەپەلە هەیە و نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەسیش پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.

 

بەڕێوەبەری هەرێمی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ڕۆژی ٢٢ی تشرینی دووەم وتی: هیچ جیهانێک ناتوانێت سودان لەبیر بکات یان بەجێی بهێڵێت،خەڵکی سودان پێویستیان بە هاوکاری جیهان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، چونکە دۆخەکە کارەساتەو ناکۆکییەکان بەردەوامن.

 

منداڵانی خوار تەمەن ٥ ساڵ بەهۆی بەدخۆراکی دەناڵێنن

هۆشداریشی دا لە دواکەوتنی وەڵامدانەوە بۆ قەیرانەکە، کە لەدەستدانی ژیان زیاد دەکات لە کاتێکدا زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس ڕووبەڕووی ئاستێکی توندی نەبوونی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە هەموو منداڵێکی خوار تەمەن ٥ ساڵان بە بەدخۆراکیی توند دەناڵێنن.

 

نزیکەی ٤.٢ ملیۆن ژن ڕووبەڕووی مەترسی توندوتیژی دەبنەوە کە پەیوەندییان بە ململانێوە هەیە و هەروەها نەبوونی خزمەتگوزاری پاراستن و پشتیوانی.

 

مەزەندە دەکرێت ٧٠%ی نەخۆشخانەکان بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتبێت و خزمەتگوزارییان ڕاگرتووە، لە کاتێکدا نەخۆشخانەکانی دیکە وەڵامی چاودێری نەخۆشەکان نادەنەوە و منداڵان نزیکەی نیوەی ئەو ٣.٦ ملیۆن کەسە پێکدەهێنن کە ناچارکراون هەڵبێن، ئەمەش سودان دەکاتە گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوونی منداڵان لە جیهاندا.