ئەنجامی ئەقڵیەتی پیاوسالاری؛ لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا چوار ژن لە خوی کوژران

هێشتا پیاوسالاری زۆرینەی بنەماڵەکانی ئێرانی کۆنترۆڵ کردووە و زۆرجار دەبێتە هۆی کوشتن یان توندوتیژی دژی ژنان و کچان.

خوی

 

 ئێوارەی ٣٠ی ئەیلوول، ژنێکی ٣٧ ساڵ بە ناوی مریەم.ن لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی عەلی.ت کوژرا، بە پێی زانیارییەکان بەهۆی "ناکۆکی بنەماڵەیی"، لەگەڵ مریەم.ن دا، کچە ٩ ساڵانەکەی بە ناوی سوگەند عەلی و خوشکی مریەم بە ناوی نوشین.ن لە گوندی ئیبراهیم ئاباد لە شاری خوی بە چک کوژران.

 

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، عەلی.ت پێشتر هاوژینگیری کردووە و سێ کچی لە ژنی یەکەمی بووە و دوای چەند ساڵێک پێکەوە ژیان، بە بیانووی ئەوەی هاوژینەکەی کوڕی نەبووە، تەڵاقی داوە و هاوژینگیری لەگەڵ مریەم.ن کردووە و کچێکی بە ناوی سوگەند عەلی هەیە، دوای ئەمەش ناکۆکی نێوان عەلی و مریەم توندتر بووەوە.

 

مریەم.ن چەندین جار لەلایەن هاوژینەکەیەوە هەراسان کراوە، کە بە وتەی خەڵکی گوندەکە پیاوێکی زۆر باش نەبووە، دوای ئەوەی ناکۆکی خێزانی لە نێوانیاندا توندتر بوو، بڕیاریدا بە بیانووی “شەرەف” ژنەکەی و خوشکەکانی بکوژێت.

 

یەکێک لەو کەسانەی کە لە شوێنی تاوانەکە ئامادەبوون وتی: من پرسیارم لە عەلی.ت کرد، مرۆڤ چۆن منداڵە بێتاوانەکەی دەکوژێت؟ وتی کچەکەی گەورە دەبێت و وەک دایکی و پوری دەردەچیت.

 

دوای کوشتنی مریەم و کچ و خوشکەکەی، پۆلیس ئاگادار کراوەتەوە و دەوترێت، کەسێکی دیکەی بنەماڵەی مریەم هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە لەلایەن عەلییەوە.
 

بەر لە ماوەیەک لەم تاوانە، پیاوێکی تەمەن ٧٥ ساڵ کچی خوشکەکەی بە چوار فیشەک لە شاری خوی کوشت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە خوشکەکەی داوای میراتی کردووە و لە دادگا بڕیارێک دەرچوو و سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار کرا، پیاوەکە پڕوپاگەندەی ئەوەی کردووە کە پارەی باوک مافی کوڕەکەیە و نابێت کچەکە داوای بکات، بەو هۆیەشەوە کچی خوشکەکەی فرۆشتووە.

 

هەرچەندە قۆرخکردنی میراتی لەلایەن کوڕەوە لە شارە گەورەکاندا کاڵ دەبێتەوە، بەڵام لە زۆرێک لە شارەکانی ئێراندا کچان لە میرات بێبەش دەکرێن و ئەم ڕێگرییە وایکردووە ژنان تەنانەت داوای موڵک و ماڵی باوکیان نەکەن و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەستبەرداری مافەکانیان بن بۆ براکانیان.