"ڕێکخستنبوونێکی هەمیشەیی ژنان، نەتەوەی دیموکراتیک پێکدێنێت"

کۆمەڵگەی ژنای ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لەبارەی یەکەم ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە هاوکاتە لەگەڵ شەهیدبوونی ژینا ئەمینی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

کۆمەڵگەی ژنای ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: پاڕادیگمای کۆمەڵگای دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژنان پرۆژەی چارەسەری گەلان و ژنانە لە ئێران. مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک، یەک لە گونجاوترین مۆدێلەکانە بۆ شۆڕشکی مێژوویی ١٦ی ئەیلول. پێداگری و داواکاری بزوتنەوەی شۆڕشگێڕیی ژنان وەک سەرەکیترین فاکتەر لە بەرفراوانبوونی سەرهەڵدانەکان بەرەو شۆڕشەوە جارێکی دیکە بە ئاشکرا بینرا. ژنان رژانە گۆڕەپانەکان و توڕەیی خۆیان لە دژی رژێم کردە هاوار. گرنگترین خاڵی شۆڕشەکەش بریتیبوو لەوەی ژنان چەق و پێشەنگی ئەو شۆڕشەبوون".

 

کەژار لە درێژەی راگەیاندراوەکەیدا لەبارەی رۆڵی ژنان و گەنجان ئاماژەی بەوەکردووە:

"لەم قۆناغە شۆڕشگێڕییەدا ژنان، گەنجان و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا بەشداربوون. ئەوان بە بەرخودانی خۆیان شۆڕشیان بەزیندوویی راگرت، هەموو گەلان لە ئێران، بە خاوەنداری لە ژینا ئەمینی نیشانیاندا کە شۆڕشێکی ژن تەوەریان دەوێت و ئەوەیان کردە جیهانی.

 

ئەوان پێداگرییان لەسەر سیستمێکی دیموکراتیکی بەدەر لە باوکسالاری و دەسەڵاتداری کرد و دەیکەن؛ واتە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا بە روونی نیشانیاندا کە ئەوان خوازیاری شۆڕشێکی کۆمەڵایەتین، کە ناوەندەکەی ژن بێت.

لە ساڵی رابردوودا، ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دژی سیاسەتی کوشتن و گوشارەکان لە سەر ژنان تێدەکۆشن. کوشتنی ژینا کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەی رژێمدا روویدا، بووە هۆکار و سەرچاوەی توڕەیی گەورەی هەموو ژنانی خۆڕاگر و ئازادی خواز.

 

کەژار ئاماژەی بە گرنگی و رۆڵی دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' کرد کە لە خۆپیشاندانەکانی گەلدا بەکارهێنرا و بەم جۆرە درێژەی پێداوە: "دروشمی ژن، ژیان، ئازادی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ یەکەمجار لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی لە سەر گۆڕەکەی وترایەوە، بووە پێناسەی ئایدۆلۆژیکی خۆپیشاندانەکان.

رێبەر ئاپۆ لە نیسانی ١٩٨٩دا وەک دامەزرێنەری فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی لە شرۆڤەیەکدا بەم جۆرە دەڵێت؛ لە کوردستاندا دوو وشەی ژن و ژیان یەک ریشەیان هەیە. لەو رۆژە بەدواوە وتی، بۆ ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد دەبێت ژنان ئازاد بن.

فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ لە باکووری کوردستان لە سەرهەڵدانەکان و خۆپیشاندانەکاندا وەک هێمای ئازادی هاتە ئاراوە.

لەمڕۆدا لە رۆژئاوای کوردستان گۆڕدراوە بۆ شۆڕشی ژن. هەروەها بەو دەنگەشەوە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرزبووەوە، بە جیهانیبوو.

 

ئەو پێناسە راستە لەناو کۆمەڵگا و ژنای جیهاندا بووە دەنگ و هێمای ئازادی. تەواوی جیهانی بەرەو فەلسەفەی پاڕادیگمای ئازادیخوازەوە برد. بەم جۆرە ژینا بووە هێمای ئەم شۆڕشە. هەربۆیەش لە ساڵیادی شۆڕشەکەدا هەموو شەهیدانی دیموکراسی و ئازادی بە رێزەوە یاددەکەینەوە. لەگەڵ یادکردنەوەی شەهیدان ئێمە سوێندی بونیادنانی ئێرانێکی دیموکراتیک و کوردستانێکی ئازاد رادەگەیەنین.

 

ژنانی ڕۆژهەڵات و ئێران کارەکتەری سەدەی ٢١ یەکلایی دەکەنەوە

کەژار لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا، تیشک دەخاتە سەر پرسی خۆبەڕێکخستنکردنی ژنان و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا و دەڵێت: ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ڕێکخستنکردنی خۆیان، کارەکتەری سەدەی ٢١ یەکلایی دەکەنەوە،  ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد پێویستی بە خۆ بەڕێکخستنکردن هەیە. بۆ پاراستنی بەهاکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیک، دەبێت پەرە بە تێکۆشانی ھاوبەش بدرێت.

 

کەژار دووپاتیشی کردوەوە، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کارەکتەری سەدەی ٢١ دیاری دەکەن؛ فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی'، هەموو نەتەوەکانی ئێرانی کۆکردەوە و تێکۆشانی ژن و کۆمەڵگای یەکخست. گەلانی کورد، ئازەری، فارس، بەلووچ و ھتد لە دەوری ئەو فەلسەفەیە یەکیان گرت و کۆبوونەوە. بۆ ئەوەش پێویستە لە هەموو کاتێک زیاتر پەرە بە تێکۆشانی بەڕێکخستن کراوی ژنان بدرێت، کۆماری ئیسلامی و ئێستاش تاڵیبان دەیانەوێت باڵادەستی خۆیان لەسەر جەستەی ژن پێکبێنن، بەڵام ژنانی ئێرانی کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ژنانی ئەفغانستان دەکەن، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە یەکگرتنی تێکۆشانی ھاوبەش بەڕێوە دەبەن. ژنان لە ئەفغانستان و ئێران لە پرسی حیجاب و زۆر بابەتی دیکە خاڵی هاوبەشیان هەیە. هەر بۆیە دەتوانین بە بەڕێکخستنبوون دەستکەوتەکانمان بپارێزین.

 

 

جەختیشی کردووەتەوە، تاکە چارەسەر، پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە و بەمجۆرە بەرەوام بووە؛ پرۆژەی 'نەتەوەی دیموکراتیک' ئەو توانا و تایبەتمەندییەی ھەیە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێکخستن بکات، تەنیا بە ڕێکخستنبوونێکی هەمیشەیی ژنان، دەتوانین پەرە بە پڕۆژەی 'نەتەوەی دیموکراتیک' بدەین. مافی دەربڕینی هەبوون یان پاراستنی جەوھەری ژنان، بنەمای بەڕێکخستنبوونی هەموو ژنانە، ئەو پڕۆژەیە لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە پێشوازی لێدەکرێت، چونکە خەڵکی ئێران پێداگری لەسەر دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک دەکەن.

 

کەژارلە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە دەکاتەوە؛

* بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی'، پێویستە ژنان، گەنجان و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگا بەشداری مانگرتنی سەرتاسەری بکەن.

* لە ١٦ی ئەیلول سەردانی گۆڕی شەهیدانی شۆڕش بکەن.

* نە تەنیا لە ڕۆژهەڵات و ئێران، بەڵکوو دەبێت لە سەرتاسەری جیهاندا چالاکی ئەنجام بدرێت.

* لە دژی ئەو عەقڵیەتەی کە ژینگە تاڵان دەکات، خۆ بەڕێکخستن بکەن و تێکۆشان بکەن.

* بۆ بەردەوامی شۆڕش، یەکگرتوویی و یەکڕیزی ژنان و پێکھاتەکانی کۆمەڵگا پێویستە.