مەترسییەکانی کەم ئاوی لە عێراق هەژاری و تێکچوونی ئاسایشی خۆراكی لێدەکەوێتەوە

یونیسێف هۆشداری لەبارەی شكستهێنان لە كەمكردنەوەی مەترسییەكانی ئاو لە عێراق دەدات، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی هەژاریی و تێکچوونی ئاسایشی خۆراك و بێكاریی.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێكخراوی منداڵانی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان-یونیسێف، لە بارەی بێ ئاوی و مەترسییەکانی لە عێراق بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، شكستهێنان لە كەمكردنەوەی مەترسییەكانی ئاو لە عێراق، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەژاریی و تێکچوونی ئاسایشی خۆراك و بێكاریی.

 

یونیسێف داوا لە حكومەتی عێراق دەكات، ڕێوشوێنی چاكسازی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو بگرێتەبەر و دۆسیەی ئاو لە كارە پێشنیەكانی حكومەت بێت، هەروەها هۆشداری لە زیادبوونی قەیرانی كەم ئاویی و كاریگەرییەكانی لەسەر ژینگە و ئابووری دەدات.

 

عێراق، توركیا، ئێران و سووریا لەنێو ئەو وڵاتانەدان، كە كاریگەری ئاویان زۆر لەسەرە،  پێشبینی دەکرێت، لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەر ئاو ئاستەنگەكانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی ئاو زیاتر بێت، لە کۆتایی بەیاننامەکەی یونیسێفدا هاتووە، عێراق پێویستی بە تەرخانكردنی پارەی پێویستە لە بودجەدا، بەمەبەستی توێژینەوە و ڕێكارەكانی چارەسەركرنی قەیرانی ئاو و كڕینی ئامێری تەكنەلۆژیی نوێ بۆ ڕێگری كردن لە بەفیڕۆ چوونی ئاو.

 

جێی ئاماژەیە بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کاریگەری ژینگەیی لەسەرە و گرتنەوەی ئاوی دیجلە و فورات لەلایەن دەوڵەتی تورکیا لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و عێراق مەترسییەکانی قوڵتر کردووەتەوە.