پێشانگای کاری دەستی بۆ دییەن دارا کرایەوە

دییەن منداڵێکی بەهرەمەندە، بە کارە هونەرییەکانی توانیویەتی بینەرێکی زۆر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و لە پێشانگایەکدا کارەکانی نمایش دەکات.

هەڵەبجە

 

ئێوارەی دوێنێ لە گەلەری جەلال عازەبانی خێزانی دییەن دارا، بەهرەمەند، کارە هونەرییەکانی دییەنیان بۆ منداڵان و سەردانیکاران نمایش کرد، تاوەکو ببنە پاڵپشتێک بۆ کچەکەیان و ناساندنی کارە دەستیەکانی.

 

دییەن قوتابی قۆناغی سەرەتاییە و ١١ ساڵە، بەڵام لەو تەمەنە کەمەیدا، تاوەکو ئێستا سێ پێشانگای کردووەتەوە و بە قوڕی ڕەنگاوڕەنگی دەستکرد، بوکەڵە و یاری و مەدالیا و بابەتی جوانکاری دروستدەکات.

 

دییەن دارا بۆ نوژنها باسی لەوە کرد، ماوەی ساڵێکە خەریکی کاری دەستی کارتۆنیە و لە بەرنامە و تۆڕی یوتوبەوە فێری دروستکردنی بوکەڵە و کارە دەستییەکان بووە، هاوکاری ماڵەوەشیان وایکردووە بەردەوام پەرە بە بەهرەکانی بدات.

 

بەناز مەحمود، دایکی دییەن باس لەوە دەکات، کاتێک دییەن فێری ئەو کارە هونەرییانە بووە، تەمەنی منداڵ بووە و بە قوڕی دەستکرد شتی دروستکردووە و بووەتە جێی سەرنج، بۆیە وەک دایکێک هەموو هاوکارییەکی دەکات وتیشی: لە پاشەڕۆژدا هەوڵ دەدەین کە قوڕێکی کوالێتی بەرزی بۆ بدۆزینەوە، تاوەکو کاری هونەری دیکەی پێبکات، چونکە ئەو قوڕانەی ئێستا هەن، کە وشک بوونەوە دەشکێن.

 

پێشانگاکەی دییەن دارا ماوەی دوو ڕۆژە بەردەوامە و وا بڕیارە چەند ڕۆژێکی دیکەش بەردەوام بێت.